لە ڕۆژی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە چی دەكرێ و چی ڕوو دەدا؟

:: PM:02:37:18/01/2017 ‌

لە 20 ئەم مانگە واتە تەنیا دوای دوو ڕۆژی تر و لە هەینی دوا ڕۆژی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما دەبێ لە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، لەو ڕۆژەدا 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ لە ئاهەنگێكی فەرمیدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا دەسەڵات لە ئۆباما وەردەگرێ و دەبێتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

هەموو 20 كانوونی دووەم/یەنایەری چوار ساڵ جارێك، ڕۆژی دانانی سەرۆكی نوێیە بۆ ئەمەریكا كە لەلایەن گەلی ئەمەریكاوە هەڵبژێردراوە، هەرچەندە كەشوهەوا زۆر سارد و باراناوییە، بەڵام لە دەرەوەی باڵەخانەی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئاهەنگ ساز دەكرێ، ئەو ئاهەنگەش بۆ دانانی سەرۆكی یەكێك لە گەورەترین و زلهێزترین وڵاتی دنیایە، بۆیە لە نێو دەنگی ستران و موزیكدا ئەو نەریتە كۆنەی ئەمەریكییەكان دووبارە دەبێتەوە كە لە دوای دامەزراندنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە دروست بووە.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و ئەو ئاهەنگەش تەنیا لە كاتی دانانی سەرۆكی نوێی وڵاتەكە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئاهەنگی هەینی 20ی ئەم مانگە 58ەمین ئاهەنگی دانانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەندان سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ماوەی دوو خول سەرۆكایەتیی ئەمەریكایان كردووە.
كەی ئاهەنگەكە دەست پێ دەكات؟
هەموو جار لە سەعات پێنجی ئێوارە بە كاتی گرینچ، ئاهەنگی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە شوێنە جیاجیاكانی واشنتن ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئاهەنگە سەرەكییەكە لە بەیانییەوە لە بەردەم كۆشكی سپی بەردەوامی دەبێت.

گرنگترین بەشی ئەم ئاهەنگە سوێندنی دەستوورییە، كە لە 35 وشە پێك دێ و ترەمپ لە بەرامبەر باڵەخانەی حكوومەتی وڵاتەكەی كە شوێنی 10 هەزار پێی چوارگۆشەیە و بە فەرمی هەزار و 600 كەس داوەت كراون، سوێندی دەستووری دەخوات.

لە ڕابردوودا چەند جارێك سوێندی دەستووری لە نێو كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران ئەنجام دراون، بەڵام بەگوێرەی نەریتە كۆنەكانی ئەمەریكا، پێویستە لە دەرەوە و لە بەردەم جەماوەری ئەمەریكادا بێت.

كێ لە ئاهەنگەكە ئامادە دەبێت؟
ئەو هەزار و 600 كەسەی كە بە فەرمی داوەت كراون، بریتین لە كەسایەتییە گرنگەكانی ئەمەریكا، لە سەرووی هەموویانەوە باراك ئۆباما و سەرۆكی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و سەرۆكەكانی پێشووی ئەمەریكا و ئەندامانی بواری دیپلۆماسی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و كاندیدانی حكوومەتی نوێی سەرۆكە تازەكەی ئەمەریكا و ئەندامانی كۆنگرێس و ئافرەتانی ناودار و حاكمی ویلایەتەكان و دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمەریكا.

ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ كە جۆرج دەبلیو بوش لە ئاهەنگەكە پێویستە بەشدار بێ، كە پێشتر ترەمپی بە درۆكردن لەبارەی عێراقەوە ناوزەد كرد، هەروەها بیل كلینتن كە ترەمپی بە خراپترین كەس بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەت لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناو بردبوو.

هاوكات هیلاری كلینتنی ڕكابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنەكان بەشدار دەبێ، هەرچەندە بە ڕێژەیەكی زۆری دەنگی گەل لە پێش ترەمپەوە بوو، بەڵام نوێنەرەكانی كۆمەڵگەی هەڵبژاردن ترەمپیان كردە سەرۆك و لەمەدا هیلاری شكستی خوارد.

جیمی كارتەری سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كە ئێستە لە تەمەنی 92 ساڵیدایە بەشدار دەبێ، بەڵام جۆرج بوشی باوك كە بەهەمان شێوە لە تەمەنی 92 ساڵیدایە، بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی بەشداری ئاهەنگەكە نابێت.

ناودارەكان كامانەن ئامادە دەبن؟
لەو نەریتە كۆنەی ئەمەریكادا، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە ناودارەكان ئامادە دەبن، بەتایبەت میوزكڤان و هونەرمەند و سترانبێژان، لە ساڵی 2009 لەو كاتەی ئۆباما سەرۆكایەتیی ئەمەریكای لە جۆرج دەبلیو بوش وەرگرت، بیونسێ بەشداری كرد و ئۆباما و میشێلی هاوسەری لە بەردەم خەڵك سەمایان كرد.
بۆ ئاهەنگی دانانی ترەمپ لە سەرۆكی ئەمەریكا، ئەستێرەی بەرنامەی ئەمەریكا گۆت تاڵێنت، جاكی ئیڤانكۆ كە تەمەنی 16 ساڵە بەشداری دەكات و سروودی نیشتمانی دەڵێتەوە، بە فەرمیش لەلایەن ترەمپەوە داوەت كراوە، بەو هۆیەوەش ئەلبوومەكەی پڕفرۆشییەكی یەكجار زۆری بەخۆیەوە بینی.

هاوكات تیپی ئۆركێسترای Mormon Tabernacle Choir لە شاری سالت لیكەوە دێن و بەشداری دەكەن، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی ئەو تیپە ڕەتیان كردووەتەوە بەشدار بن، ئەوان دەڵێن نایانەوێ پشتیوانی دیكتاتۆرییەت و فاشییەتی ترەمپ بكەن.

تیمی سەمای "رادیۆ ستی رۆكتس" و ئەستڕیەی ئینگلیزی ریبیكا فێرگسۆن داوەت كراون، بەڵام ریبیكا ئامادە نابێت، ستراتبێژ شارلۆت تشیرش لەلایەن تیمی ترەمپەوە داوەت كرا، بەڵام ناوبراو ڕەتی كردەوە.
لە ڕۆژی 20 یەنایەر چی ڕوو دەدات؟
نۆ نەریتی جیاجیا هەن كە پێویستە لە ڕۆژی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆكی هەڵبژێردراوەوە ئەنجام بدرێت كە ئەوانیش بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەكەم: نوێژی بەیانی: ئەو نەریتە لە سەردەمی سەرۆك فرانكلین رۆزفێلت لە ساڵی 1933 ئەنجام دراوە، هەریەك ئۆباما و بوشی باوك و بوشی كوڕ و ڕیگان و ترۆمان و ڕۆزفێلت ئەنجامیان داوە و سەردانی كەنیسەی سانت جۆنی بەرامبەر كۆشكی سپییان كردووە و نوێژی بەیانیان لێ ئەنجام داوە.

دووەم: دیداری سەرۆكی نوێ و پێشتر، ئەو دیدارە كورت دەبێ لە نێوان سەرۆكی پێشوو و نوێ لە كۆشكی سپی ئەنجام دەدرێ بەر لەوەی بەرەو باڵەخانەی حكوومەت بەڕێ بكەون كە دوو میل لە كۆشكی سپییەوە دوورە.

سێیەم: سوێندی جێگری سەرۆك، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا مایك پێنس یەكەم كەس دەبێ كە سوێندی دەستووری بخوات، پێشبینی دەكرێ بەر لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادگای باڵا سوێند بخوا لەسەر سەكۆی ئامادەكراو لە بەردەم باڵەخانەی حكوومەتی ئەمەریكا.
چوارەم: سوێندی سەرۆك ترەمپ، ئەمە گرنگترین ڕووداو دەبێ، هەرچەندە كەشوهەوا زۆر سارد دەبێ و باران و برووسكە دەبێ، بەڵام بەشێك لە سەرۆكەكانی ئەمەریكا بەهۆی نەخۆشییەوە ئەم كارەیان لە نێو باڵەخانەی حكوومەت ئەنجام داوە، لەوانەش ڕۆناڵد ڕیگان لە ساڵی 1985 ئەم كارەی كرد.

پێنجەم: وتاری سەرۆكی نوێ، هەموو سەرۆكێكی نوێ بە وتارێك دەست بە قۆناغێكی تر فەرمانڕەوایی ئەمەریكا دەكات، ئەو نەریتە لە سەردەمی جۆرج واشنتنەوە دانراوە و وتارەكەی جۆرج واشنتن لە یەكەم حاڵەتی چەسپاندنی ئەو نەریتە 135 وشە بوو، بەڵام وتاری ولیام هنری هاریسۆن لە ساڵی 1841 زیاتر لە هەشت هەزار و 400 وشە بوو. ئەمەش بە درێژترین وتاری سەرۆكەكانی ئەمەریكا لە مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت. كورتترین وتاریش هی سەرۆك ڕۆزفێلت بوو لە ساڵی 1933 تەنیا یەك ڕستە بوو كە گوتی، هیچ شتێك نییە لێی بترسن، جگەلە ترس لە خودی خۆمان.
لە ساڵی 1961 جۆن ئێف كندی وتارەكەی ئەویش كورت بوو و تەنیا گوتی، مەپرسە وڵاتەكەت چی بۆ تۆ دەكات، بپرسە تۆ دەتوانی چی بكەیت بۆ وڵاتەكەت.

شەشەم: هەمووان ماڵئاوایی لە سەرۆك ئۆباما دەكەن، ئەو نەریتە تایبەتە لە ماڵئاوایی كردن لە سەرۆكی پێشوو، بۆیە لە ڕۆژی هەینی هەمووان ماڵئاوایی لە باراك ئۆباما دەكەن.
حەوتەم: كاتی خواردنی دوای نیوەڕۆ، هاوشێوەی ئاهەنگەكانی تر، دوای ڕێوڕەسمەكان خوانی ئێوارە لە هۆڵی گەورەی كاپیتۆڵ ئەنجام دەدرێ و بۆ هەر جارێكیش خواردنی تایبەتی ویلایەتێكی ئەمەریكا ئامادە دەكرێ، ئەمساڵ خواردنی ویلایەتی نیویۆركە و باسترمەی نیویۆركی پێشكەش دەكرێ.

هەشتەم: نەریتەكانی ئاهەنگەكە، نزیكەی هەشت هەزار سەرباز بە جلی فەرمییەوە لە بەردەم سەكۆی سەرۆك وەستاون و دروشم دەڵێنەوە، كە لە نێوان شەقامی پەنسلڤانیا بۆ كۆشكی سپی درێژ دەبنەوە، چینە جیاجیاكانی سوپا بەشداری تێدا دەكەن و جیمی كارتەر ئەو نەریتەی شكاند و خۆی بەشداری كاروانی سەربازانی كرد، كە لە شەقامی پەنسلڤانیا تا بەردەم كۆشكی سپی هاتن.

نۆیەم: ئاهەنگی پێشوازی شەو، سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەكان لە شەودا، چەند گرووپێكی دیاریكراو و بژاردەی ئەمەریكا لە واشنتن بە جلی فەرمی و كراسی سپی و كڵاوی ڕەشەوە سەردانی دەكەن، لە سەردەمی بیل كلینتن 14 كەس ئامادە بوون و لە سەردەمی ئۆباماشدا تەنیا 10 كەس، ناشزانرێ بۆ ترەمپ چەند كەس لە بژاردەكانی كۆمەڵگەی ئەمەریكا دەچن بۆ سەردانی ترەمپ لە شەودا.
بەر لەوە چی ڕوو دەدات؟
پێویستە ڕۆژێك پێش ئەم رێوڕەسمە واتە لە رۆژی 19ی یەنایەر، دۆناڵد ترەمپ چەپكێك گوڵ بۆ گۆڕی ئارلینگۆتی نیشتمانی ببات، ئەمە گۆڕێكی ڕەمزی و نیشتمانییە كە تەواوی ململانێ ناوخۆیییەكان لە سەردەمی جەنگی ناوخۆیی ئەمەریكا لە ویلایەتی ڤیرجینیا لەم گۆڕە خرایە ژێر خاكەوە.

بۆچی 20ی یەنایەر سەرۆك دەسەڵات وەردەگرێ؟
ماوەی سەدەكەیە هەموو چوار ساڵ جارێك پیاوێك لە پیاوێكی تر پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا وەردەگرێ و تا ئێستە هیچ ئافرەتێك نەبووەتە سەرۆكی ئەمەریكا، لە سەرەتا سەرۆك لە ڕێكەوتی چواری ئادار/مارس پۆستی سەرۆكایەتی لە سەرۆكی پێش خۆی وەردەگرت. ئەمەش بۆ یەكلاكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانەكان دوا دەخرا، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئاسانبوونی جیاكردنەوەی دەنگەكان، لە ساڵی 1933 كاتەكەی بۆ 20ی یەنایەر گۆڕا.

هەرچەندە ئێستە ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا زۆر پێشكەوتوون و دەتوانن بە ماوەیەكی كەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بخرێنە ڕوو، بەڵام ئەو ڕێكەوتە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆكی هەڵبژێردراوەوە، بووەتە نەریتێك و وەك ڕۆژێكی پیرۆز لەلایەن گەلی ئەمەریكاوە هەژمار كراوە و بەگوێرەی دەستووری ئەمەریكاش ڕۆژێكی نیشتمانی و پیرۆزی ئەمەریكایە.
پێش هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی دەبێ ئۆباما چی بكات؟
هەر سەرۆكێك بەر لەوەی كۆشكی سپی بەجێ بهێڵی بۆ سەرۆكی نوێی وڵاتەكەی، نامەیەك لە كۆشكی سپی بۆ سەرۆكی تازەی ئەمەریكا جێ دەهێڵێت، زۆرجار ئامۆژگارییە و زۆرجاریش هیوا و ئاواتخواستن بووە بۆ سەرۆكی نوێ، جۆرج دەبلیو بوش بۆ ئۆباما لە نامەكەی كە لە كۆشكی سپی جێی هێشتبوو نووسیبووی، داواكارم سەرۆكی نوێ چارەنووسێكی سەركەوتووی هەبێ بۆ ئەركەكانی داهاتووی.

لە ساڵی 1993 جۆرج بوشی باوك بۆ بیل كلینتن نووسیبووی، هیوادارم بەختەوەریەكی گەورە لەگەڵت بێ لەم شوێنەدا، من لێرە هیچ كات هەستم بە تەنیایی نەكردووە، بەو شێوەیەی كە سەرۆكەكانی پێش من باسی لێوە دەكەن. لەو كاتەی ئەو وشانە دەخوێنێتەوە، تۆ سەرۆكی ئەمەریكای، هیوادارم خۆت و خانەوادەكەت سەركەوتوو بن.

خەڵكی ئەمەریكا دەیانەوێ بزانن ئۆباما چی لە نامەكەی دوای خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنووسێت.

سەرچاوە/العربیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د