۳۷٠ پڕۆژەی پەروەردەی لە كوردستان وەستاوە

:: PM:02:47:18/01/2017 ‌

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەت كاری باشی لەسەر كەرتی پەروەردە كردووە و ئاماژەی دا، بەهۆی تەنگژەی ئابووری، زیاتر لە ۳۷٠ پڕۆژەی پەروەردەی وەستاوە.

ئەمڕۆ چوارشەم لە شارەدێی ڕزگاری سەربە شارۆكەی خەباتی پارێزگای هەولێر، د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كۆمەڵگەیەكی پەروەردەی دانا و لە گوتەیەكدا رای گەیاند، تاقیكردنەوە نیشتمانی و وەزارییەكان لە یەك ڕۆژ و پێكەوە ئەنجام دەدرێن و هەوڵ دەدەین قەرەبووی قوتابییانی پارێزگای سلێمانی بكەینەوە و بڕیارەكان لە بەرژەوەندی ئەواندابن.

لەبارەی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان، وەزیری پەروەردە گوتی، حكوومەت كاری باشی لەسەر كەرتی پەروەردە كردووە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی ئابووری زیاتر لە ۳۷٠ پڕۆژە تا ئێستە وەستاون.

لای خۆشیەوە، موو جی هوون، كونسوڵی كۆریای باشوور لە هەولێر رای گەیاند، رێكخراوی كویكا لە زۆرینەی ناوچەكانی كوردستان قوتابخانەی دروست كردووە و هەوڵەكانیشیان لەوبارەیەوە بەردەوام دەبن.

دروستكردنی ئەو پڕۆژانە لەلایەن رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هاوكاریی وڵاتانە بۆ هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم