كاتی تاقیكردنەوەكانی 12 ئامادەیی ڕاگەیەنرا

:: PM:03:00:18/01/2017 ‌

بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی خشتەی خوێندن بۆ ساڵی 2016 بۆ 2017 ڕاگەیاند و بەگوێرەی خشتەكە، تاقیكردنەوەی كۆتای ساڵ بۆ پۆلی 12 ئامادەیی دیاری كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی تاقیكردنەوەی خوێندنگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاو كردەوە، بەگوێرەی خشتەكە پشووی بەهارەی تاقیكردنەوەكانی كۆتای وەرزی یەكەم، تەنیا پێنج رۆژ دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێكدا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی واژووی لەسەر كردووە، تیایدا هاتووە رۆژی 9ی ئاداری 2017، تاقیكردنەوەی كۆتای وەرزی یەكەم دەست پێ دەكات و پشووی بەهارە تەنیا پێنج رۆژە، ئەویش رۆژانی 20 تا 25ی ئادار.

تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمیش بۆ قۆناغی 12 لە رۆژی 14ی ئایار دەست پێ دەكات، بەڵام قۆناغەكانی تر 22ی هەمان مانگ دەست پێ دەكات، لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ئامادەیی بۆ كۆتای ساڵ، ڕێكەوتی 14 حوزەیران دیاری كراوە، هەروەها تاقیكردنەوەی خولی دووەم ڕانەگەیەنراوە و بۆ كاتێكی تر هەڵگیراوە.

بەهۆی بایكۆتكردنی مامۆستایانەوە لە دەڤەرەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان، داواكارییان بۆ چاككردنی مووچەكانیان، پرۆسەی خوێندن تا رادەیەك لەو دەڤەرە پەكی كەوتووە، ئێستە مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام نزیكەی 80 ڕۆژی خوێندن لەم دەڤەرە دوا كەوتووە.







وشە - رامیار جەواد