سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین نه‌تانیاهۆ ئاشكرای كرد، كه له ڕێی ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ی ده‌ستمان كه‌وتووه، توانیومانه وێستگه‌ی نهێنی ئه‌تۆمی له كۆماری ئیسلامی ئێران بدۆزینه‌وه، كه خه‌ریكی په‌ره‌پێدانی توانا ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانن، به‌ڵام تاران چه‌ند ساڵێكه به بیانووی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی جیهان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت.
نه‌تانیاهۆ گوتی، یه‌كێك له هه‌ستیارترین وێستگه‌ی ئه‌تۆمییه نهێنییه‌كانی ئێران له نزیك شاری "ئابادی" سه‌ر به پارێزگای فارسی ناوه‌ڕاستی ئێرانه، له‌و شوێنه تاران ئه‌زموونی په‌ره‌پێدانی چه‌كی ئه‌تۆمی تاقی كردووه‌ته‌وه، هاوكات وێستگه‌یه‌كی تریش له باشووری ئه‌سفه‌هانی ئێران بوونی هه‌بوو.
سه‌رۆك وه‌زیرانی
ئیسرائیل گوتی، شوێنی ئه‌و وێستگه نهێنییه‌یه‌ی ئێرانمان له نێو ئه‌و هه‌زاران دیكۆمێنته‌وه دۆزییه‌وه، كه پێشتر توانیمان له تاران ده‌ستی بخه‌ین و بیگه‌یه‌نینه‌ه‌وه ئیسرائیل.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی بنیامین نه‌تانیاهۆ گوتی، ئێران دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان گه‌یشتنه لای ئێمه و تێیدا نهێنی له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و وێستگه ئه‌تۆمییه ئاشكرا بوو، كۆماری ئیسلامی ئێران به نهێنی ده‌ستی به داڕووخاندنی ئه‌و وێستگه ئه‌تۆمییه كرد.
پێشتر سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، كه ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوه‌كیش پاشماوه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه و باسیان له‌وه كردووه، كه ئه‌وێ شوێنێكی گه‌وره‌ی كۆگاكردنی یۆرانیۆم و به‌رهه‌مه نهێنییه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی بووه.