لە شەش مانگدا شەش هەزار بەكاربەری مادەی هۆشبەر گیراون

:: AM:09:28:10/09/2019 ‌
تا دێت دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر مەترسییەكانی زیاتر بەسەر كۆمەڵگەی عێراقی دەردەكەوێت. بەگوێرەی ئامارەكان بێت لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، شەش هەزار بەكاربەر گیراون و بەسرەش لە پلەی یەكەم دێت.

ئەمڕ سێشەم 10ی ئەیلوول، ئاماری شەش مانگی یەكەمی 2019 پێوەند بە مادەی هۆشبەر بڵاو كرایەوە، بەگوێرەی ئامارەكەش بێت شەش هەزار و 842 كەس لەسەر بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر گیراون، لەو ژمارەیەش دۆسیەی چوار هەزار و 201 كەسیان یەكلا كراوەتەوە و سزا دراون بە تۆمەتی بازرگانی و هاندانی خەڵك بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.

بەگوێرەی ئامارەكە بێت، لە بەغدا زۆرترین كەس گیراون كە هەزار و 152 كەسن، دوای ئەویش بەسرە دێت بە 870 كەس و دوای ئەویش سەڵاحەدین دێت.

چاودێران دەڵێن، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەمجۆرە بۆ شكستی هێزە تەناهییەكان دەگەڕێتەوە لە پاراستنی دەروازە سنوورییەكان بەتایبەت لە بەسرە، هاوكات دەستگرتنی هەندێك گرووپی میلیشیای سەر بە ئێران بەسەر دەروازە سنوورییەكان.

ریاز عەبد عەباس سەرۆكی دەستەی دووەم لە دادگای تاوانەكانی بەسرە دەڵێ، دیاردەی مادەی هۆشبەر بە تەواوەتی لە عێراق بڵاوە و یەكێكە لە دیاردە هەرە مەترسیدارەكان بەسەر كۆمەڵگە. گوتی "هۆكاری بڵاوبوونەوەی بۆ زۆر هۆ دەگەڕێتەوە، بوونی دەروازەی سنووری لە بەسڕە لەگەڵ سێ وڵات یەكێكە لە هۆیەكان، جگە لەمە لاوازی چاودێری تەناهی لەسەر سنوورەكان هۆكاری سەرەكییە".


وشە - فه‌رمان سادق