ئەگەری گەیشتنی ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بە درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەم، نرخی نەوتی گەیاندە بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوو.
ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، نرخی
بەرمیلێك نەوتی برێنت 31 سەنت بەرز بووەوە كە دەكاتە رێژەی 05% لە كۆی گشتی نرخەكەی، بەمەش نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 62 دۆلار و 90 سەنت، ئەم نرخەش كە ئەمڕۆ تۆمار كراوە، بەرزترین نرخی نەوتە لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوو، هاوكات بەردەوامیدانە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كە پێنج رۆژە بەدوای یەك نرخەكەی لە بەرز بوونەوەدایە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندارە بە هیوای گەیشتن بە رێككەوتنی لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە دەرەوەی ئۆپیك لەسەر درێژكردنەوەی رێككەوتنی نێوانیان لە بەردەوامیدان بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە مەبەستی پشتگیریكردن لە نرخ و بەرزكردنەوەی نرخ.
بەشێكی تری هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ لێدوانی میر عەبدولعەزیز بن سەلمان دەگەڕێتەوە كە ماوەی چەند رۆژێكە لەلایەن شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعوودیە و باوكی، كراوە بە وەزیری وزەی وڵاتەكەی، لە یەكەم لێدوانیشیدا رای گەیاند وڵاتەكەی بەردەوامی دەدات بە سیاسەتی نەوتی و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كە وڵاتانی ئۆپیك و رووسیا بەتایبەت رێككەوتنیان لەسەر هەیە.
سعوودیە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێن و هەناردەكاری نەوتە لە ئۆپیك كە هاوشانی رووسیا دوو وڵاتی هەر زەبەلاحی دنیان لە هەناردەكردنی نەوت كە رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل دەخەنە بازاڕەكانی دنیا.
میر عەبدولعەزیز گوتی، "رێككەوتنی ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەتایبەت رووسیا، بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوامی دەبێت".
قسەكانی وەزیری وزەی سعوودیە لە كاتێكدایە بڕیارە رۆژی پێنجشەم 12ی ئەیلوول، لیژنەی چاودێری وزاری وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە دەرەوەی ئەو رێكخراوە لە ئەبوزەبی كۆببنەوە.