فەیسبووك بەوە دەزانێت كەی دواجار بووە سێكست كردووە

:: PM:01:51:10/09/2019 ‌
ئەگەرچی ئەوەی زۆرینەمان لەگەڵ نزیكترین دۆستمان ئامادەنین باسی توانستی سێكسی خۆمان بكەین و ئەوەی لا بدركێنین كە كەی بووە دواجار سێكسمان كردووە، بەڵام فەیسبووك لە رێگەی چەند ئەپلیكەیشنێكەوە بەو نهێنیە دەزانێ. ماری سی باكای نووسەر دەڵێ، لە رێگەی دوو ئەپلیكەیشنەوە فەیسبووك بە هەموو نهێنییە سێكسییەكانت دەزانێت، مەترسی ئەوەش هەیە زانیارییەكان بفرۆشێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، ماری سی باكای نووسەر، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمەریكی بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەدا كە رەنگە نزیكترین هاوڕێت بەوە نەزانن كەی بووە دواجار سێكست كردووە، بەڵام رەنگە فەیسبووك بەوە بزانێت.

ئەو دەڵێ، لە رێگەی هەردوو ئەپلیكەشنی (Maya) و (MIA Fem) فەیسبووك دەتوانێ چاودێری سوڕی مانگانەت بكات، بۆیە ئەو كۆمپانیایە و كۆمپانیاكانی تریش بە وردی بەدوای ئەو زانیارییانەوە دەگەڕێن لە بارەی تەندروستی سێكسیت.

ئەو نووسەرە لە وتارەكەیدا پشتی بە راپۆرتێكی كۆمپانیای (برایفاسی ئینتەرناشیوناڵ)ـی تایبەتمەند بە چاودێری پرسە تایبەتمەندییەكانی تاك بەستووە كە بارەگاكەی لە بەریتانیایە.

بەپێی راپۆرتی كۆمپانیایەكە بێت، ئەو زانیاریانەی بەكارهێنەران دەیخەنە ناو ئەو ئەپلیكەیشنە كە هەندێكجار پرسیاری ئەوەت لێدەكات كەی بوو دوا سێكست كردووە، چ جۆرە حەبێكی دژە منداڵ نەبوون بەكاردەهێنی، تەنانەت زۆرجار لێت دەپرسێ سوڕی مانگانەت هاتووە، ئەو زانیارییانە وادەكات بزانن كەی بوو دوا سێكست كردووە.

ماری لە وتارەكەیدا مەترسی ئەوە نیشان دەدات كە كۆمپانیاكانی سۆشیال میدیا زانیاری كەسی لەسەر بەكارهێنەرانیان كۆ دەكەنەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات لەو كاتەدا مەترسییەكە گەورەتر دەبێت كە ئەو زانیارییانە لەلایەن كۆمپانیاكانی دڵنیایی و پڕوپاگەندە سوودی لێ ببینرێت كە رەنگە دژی توێژێكی دیاریكراو بەكار بهێنرێت، گوتی "بەشێك هەیە لەناو كۆمپانیای فەیسبووك بەناوی پێشخستنی پڕۆگرام، ئەو بەشە كراوەیە لەبەردەم ئەوانەی ئەپلیكەیشنەكان پێش دەخەن، دواجار ئەو ئەپلیكەشینانە لە رێگەی فەیسبووكەوە دەفرۆشرێن".


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 2728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌