لە ئێران گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبنە رێبەری گەشتیارانی هەرێمی كوردستان

:: PM:03:49:10/09/2019 ‌
دابەزینی بەهای تمەن و بەرزیی نرخی دینار، هۆكارە بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە خەڵك بە مەبەستی جیاواز سەردانی ئێران بكەن. ئەوان كە فارسی نازانن، گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەتە رێبەری گەشتیاریی خۆیان و بوونەتە هۆی دروستكردنی هەلی كار لەو پارچەیەی كوردستان.

كۆمپانیا گەشتیارییەكان و ئەو خێزانانەی لە هەرێمی كوردستانەوە روو لە ئێران دەكەن، پێویستیان بە كەسانێك هەیە فارسی بزانن، چ شتێك لە گەنجانی رۆژهەڵات باشترە كە زمانەكە دەزانن و هاونەتەوەی خۆیانن.

بنار محەمەد ژنێكی گەرمیانییە و پاش گەڕانەوەی لە ئێران، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە گەشتەكەیاندا كە بە مەبەستی گەشتیاری و تەندروستی سەردانی ئێرانیان كرد، وەرگێڕێكی هەبوو كە كچێكی گەنج و لەسەرخۆی رۆژهەڵات بوو. 

ئەو روونی دەكاتەوە كە زۆر هاوكاری كردووە و بۆ ماوەی دوو هەفتە لەم گەشتەدا لەگەڵیان بووە. بەڵام نیگەرانە لە دۆخی ئابووری رۆژهەڵاتی كوردستان و دەڵێت، "بەشی زۆری گەنجان بێكارن و خۆشحاڵن كاتێك كارێكی لەم شێوەیەیان دەست دەكەوێت".

ئێران لەگەڵ ئەوەی بەهای دراوەكەی نزمە، ناوچەی خۆش و دڵڕفێنی هەیە كە خەرجی گەشت بۆیان كەمە و بۆ توێژی كەم داهاتی كوردستان كراوەتە ئامانجی گەشت.

لەلایەكی ترەوە ئەفسانە جەباری كە ژنێكی رۆژهەڵاتییە، لەرێی ئاكاونتی تایبەتی خۆیەوە بانگەشەی ئەوە دەكات هەر كوردێكی باشوور دەیەوێ بچێتە ئێران، دەتوانێ هاوكاری بكات. ئەو بۆ "وشە" گوتی، بەرزیی رێژەی بێكاری و نەبوونی هەلی دامەزراندن، وای كردووە زانینی زمانی فارسی بكەن بە دەرفەت تا بە كاری وەرگێڕان بژێوییان دابین بكەن.

ئەو باسی لەوەش كرد "لەگەڵ زیاتر تێكچوونی دۆخی ئابووری وڵات، هاتنی گەشتیار و سەردانیكەرانی باشووری كوردستانیش رووی لەزیادبوون كردووە".

بەشێكی تری گەشتیاری كوردستان بۆ ئێران گەشتیاریی تەندروستییە كە بەهۆی خراپی كەرەستە و خراپی ئامێرەكانی پشكنین و نرخی پزیشك لە ناوخۆ، سەردانی ئێران دەكەن.

نەجیبە محەمەد بەهەمانشێوەی ئەفسانە، كاری وەرگێڕان دەكات، بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە ئەوان خوازیاری ئەوەن خزمەت بە كوردانی باشوور بكەن و زۆرترین قازانج بە خوشك و براكانیان بگەیەنن. لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانی خۆی پێشان دا "بەهۆی كەسانێكی خراپەكارەوە كە كورد نین و لە پارێزگاكانی تری ئێرانەوەن، خەریكە پیشەكە ناشیرین دەكەن".

ئارام شوانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزای سلێمانی، بۆ "وشە" ئاماژەی بە كۆمەڵێك هۆكار كرد كە وایكردووە خەڵك لە هەرێمی كوردستانەوە بە لێشاو روو لە ئێران بكەن. بەگوتەی ئەو "یەكێك لەو هۆكارانە نزمی بەهای دراوی ئێرانە، هەروەها ناوچەی گەشتیارییان زۆرە و سەرنجی گەشتیارانی باشووری بۆ لای خۆی راكێشاوە".

ئەو نموونەی ئامانجی ئەم گەشتانەی خستەڕوو و گوتی، هەندێك هاووڵاتی بۆ چاندنی قژ و جوانكاری یان چاندنی ددان روو لە ئێران دەكەن.

هەموو كۆمپانیایەكی گەشتیاری پێویستی بە رێبەر هەیە، بۆ نموونە خاوەنی كۆمپانیایەك كە دەچێتە ئێران، ناكرێ لەگەڵ ئەو گرووپەدا دوو كارمەندی خۆی ببات و لەوێ كاری وەرگێڕان و رێنوێنی بكات، جا لەبری ئەوە بۆ كاری وەرگێڕان و رێنیشاندانی رێیەكانی ئێران و زۆر كاری تر، سوود لە وەرگێڕێكی رۆژهەڵاتی كوردستان وەردەگرێت.

بەگوتەی ئارام شوانی، هەفتانە وەرگێڕەكان بە 178 دۆلار دەبنە رێبەر و لە خاوەن كۆمپانیای هەرێمی كوردستانی وەردەگرن لە بەرانبەر كارەكەیان، بەپێچەوانەوە ئەگەر كۆمپانیا كارمەندی خۆی ببات، قازانجی ئەوتۆ ناكات و دەبێت پارەی زیاتری بۆ خەرج بكات، بۆیە سوود لە كوردانی رۆژهەڵات وەرگیراوە و كراون بە رێبەری گەشتیاری بۆ گرووپە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەگوتەی ئەو كۆمپانیا گەشتیارییە، بە مەبەستی رێبەری وەرگێڕان، زیاتر سوود لە ژن وەردەگرن، چونكە لەرووی خزمەتگوزاریی گەشتیارییەوە لە هەموو دنیادا وا جوانترە ژن ئەو كارە بكات، ژن نەرمترە و دڵی فرەوانترە لە مامەڵەدا، رەنگە كارمەندی كوڕ هێندە ددان بەخۆیدا نەگرێت لە كاتی ماندووبووندا، بۆیە كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانیش كە كارمەند بۆ پێشوازی و خزمەتی ناو فڕۆكە دابین دەكەن، بە زۆری ژنن نەك پیاو.

لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە ئەو پێی وایە "كاتێك ژن و مێرد یان خوشك و برا دەچن بۆ ئێران، وا باشترە وەرگێڕێكی ژنیان لەگەڵ بێ نەك پیاو".

وەك ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزار ئاماژەی پێ دا، ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان متمانەیان بە خۆیان هەیە و رچەشكێنن، ئەمە تەنانەت كاریگەریی بۆ سەر ژنانی باشووری كوردستانیش هەبووە. بۆ نموونە ئەوان بوون دەستپێشخەرییان كرد لە چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان كار بكەن و دواجار ژنانی باشووریش چاویان لەوان كرد و ئێستە شانبەشانی پیاوان كار دەكەن.

لای خۆیەوە ئارام حەسەن بەرپرسی راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی پەرێزخان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، رۆژانە دەیان كەس بەمەبەستی گەشتكردن یان سەردانكردنی پزیشك سەردانی ئێران دەكەن. 

"لە سنووری گەرمیانەوە بەهۆی ئەوەی زۆر لە گەشتیارانی گەرمیان خزم و دۆستیان لەو وڵاتە هەیە، زیاتر دەمێننەوە" ئارام وای گوت.

راپۆرتی/ سەبری هۆرینی






وشە - وشه‌