رۆژی جیهانی خۆكوژییە.. كەسوكاری قوربانیان بۆ "وشە" دەدوێن

:: PM:05:05:10/09/2019 ‌
لەسەرانسەری دنیا بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن چەندان چالاكی ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی كوردستانیش بەو بۆنەیەوە چەندان چالاكی بەرێوەچوو، كەسوكاری ئەوانەیشی خۆیان كوشتوە داوا دەكەن كەس بیر لە خۆكوشتن نەكاتەوە چونكە ئەوە چارەسەر نییە.

لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن لە هەولێر كۆنفرانسێك بەڕێوەچوو، لە كۆنفڕانسەكەدا كەسوكاری ئەو كەسانەی بەشداربوون كە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەیان خۆی كوشتووە، داوا دەكەن كەس بیر لە خۆكوشتن نەكاتەوە.

عەزیز حەمە كەریم كوڕەكەی ساڵی ڕابردوو خۆی كوشت بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ ڕۆژێكی جەرگبڕە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ڕێگری بكەین لەو كەسانەی كە دەیانەوێت بیر لە خۆكوشتن بكەنەوە.

عەزیز حەمە كەریم دووپاتی دەكاتەوە، پێویستە حكوومەت و كۆمەڵگە و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی خاوەندارییەتی ئەو گەنجانە بكەن كە بەهرەیەكیان هەیە یان دەیانەوێت خزمەتی وڵات بكەن، تا بە هەر هۆكارێك بێت بیر لە خۆكوشتن نەكەنەوە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن ئامارێكی بڵاو كردەوە تیایدا ئاشكرای دەكات، لە دنیا ساڵانە 800 هەزار كەس كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێن، هەروەها بەپێی ئامارەكە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2016 ڕێژەی خۆكوشتن بە %9.8 كەمی كردووە.

پەخشان كاكەوەیس سەرۆكی ڕێكخراوی ئەژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن بە "وشە" رای گەیاند، دەمانەوێت قسە لەسەر دیاردەی خۆكوشتن بكەین، هەروەها بە هەموومان بتوانین ڕێگە چارەیەك بدۆزینەوە بۆ ڕێگری كردن لە دیاردەی خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 22 ژن خۆیان كوشتووە، وەزارەتی تەندروستی خەریكی بەرنامەیەكە بۆ ڕێگری كردن لە خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان. 

ڕێزان ڕەشوان پسۆڕی دەروونی بۆ "وشە" رای گەیاند، ستراتیجییەك هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆكوشتن بكەین و خولی ڕاهێنان بۆ پسۆڕانی دەروونی بكەینەوە و فۆڕمێك لە بنكە تەندروستییەكان دابنێن تا ئاماری خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە ئێستە ئێمە ئامارمان نییە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی 10ی ئەیلوولی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن دیاری كردووە، هاوكات چەند رێكارێكی داناوە بۆئەوەی بەرەنگاری خۆكوشتن ببنەوە، هاوكات 38 وڵات پابەندن بەو ڕێكارانە.




وشە - زریان تەها