سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا زانیاری زیاتر لەسەر گۆڕانكارییەكانی هەولێر ڕادەگەیەنێت

:: PM:09:27:10/09/2019 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، سی ڤی كاندیدی پارێزگاری هەولێر گەیشتووەتە ئەنجوومەن و لەماوەی 48 سەعاتدا وردبینی بۆ دەكرێ‌ و دواتر كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەرێوە دەچێت.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ "وشە" رای گەیاند، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێریان بەدەست گەیشتووە.

ڕوونیشی كردەوە كە ڕۆژی پێنجشەم گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگار دەكرێت و سی ڤی كاندیدی پارێزگار كە فرسەت سۆفییە لەبەر دەستی فراكسیۆنی پارتییە، بۆیە ئەنجوومەن پێویستی بە 48 سەعاتە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و ڕێوشوێنەكان ڕێك بخات.

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی تر لە سنووری هەولێر عەلی رەشید گوتی، لە ڕۆژی كۆبوونەوەی ئەنجوومەن تەنیا ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری هەولێر دەكرێت و پۆستەكانی تر ئێستە وەك خۆیان دەمێننەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوای زیاتر لە 15 ساڵ ئەمڕۆ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دەستی لەكاركێشایەوە و پارتی فرسەت سۆفی ئەو پۆستە كاندید كردووە.





وشە - زریان تەها