سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌وڵدایه بارودۆخی زیندانییان و راگیراوان باشتر بكات له هه‌موو روویه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ بگونجێت.
د. دیندار زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا وه‌ڵامى راپۆرتێكى كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق دایه‌وه كه له‌باره‌ى ره‌وشى مافه‌كانى مرۆڤ له هه‌رێمى كوردستان بڵاویان كردبووه‌وه.
د. دیندار زێبارى سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راى گه‌یاندووه، پێشوازی له‌و راپۆرته‌ی یۆنامی ده‌كه‌ین و تێبینی و سه‌رنجه‌كانیان به هه‌ند وه‌رده‌گرین كه ده‌بنه مایه‌ی پێشخستن و پاراستنی زیاتری مافه‌كانی مرۆڤ به‌تایبه‌تی كه هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین شه‌پۆلی هاتنی ئاواره و په‌نابه‌ران بووه‌وه و هه‌وڵی داوه به‌و تواناییه‌ی له ده‌ستیدایه پێشوازییان لێ بكات.
زیاتر گوتى، هه‌وڵه‌كانی یۆنامی به گرنگ ده‌زانین و له كۆبوونه‌وه و گفتوگۆی به‌رده‌وامداین و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوانماندا هه‌یه، كار ده‌كه‌ین له‌پێناو پێشخستنی ئه‌و بوارانه‌ی كه له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێ كردووه.
له به‌شێكى تر‌ى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وه‌ڵامى چه‌ند خاڵێكى یۆنامى دراوه‌ته‌وه و هاتووه، لیژنه‌ی باڵا بۆ بهدوداچوونى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤ پێك هاتووه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان كۆمه‌ڵێك رێكاری یاسایی بۆ رێگریكردن له بازرگانیكردن به مرۆڤ گرتووه‌ته به‌ر و چه‌ندان رێنوێنیی تایبه‌تی بڵاو كردووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی ره‌وشی زیندانی و گرتووخانه‌كانی هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌وڵدایه بارودۆخی زیندانییان و راگیراوان باشتر بكات له هه‌موو روویه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ بگونجێت، له‌م رووه‌وه باڵه‌خانه‌یه‌كی نوێی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وران له هه‌ولێر به‌پێی ستانداردی جیهانی دروست كراوه كه له (92) ژووری ئاسایی و (10) ژووری تاكه‌كه‌سی بۆ حاڵه‌تی پێویست پێك هاتووه و توانای حه‌واندنه‌وه‌ی (900) سزادراوی هه‌یه.
راپۆرته‌كه‌ی یۆنامی باس له ره‌وشی ئافره‌تان و به شوودانی منداڵان ده‌كات، له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راى گه‌یاندووه، زوو به شوودانی منداڵ واته له خوار ته‌مه‌نی یاسایی كچ به شوو ده‌درێت، زیاتر له نێو ئاواره و په‌نابه‌راندایه له سه‌نته‌ری شاره‌كاندا كه‌متره، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی له خوار ته‌مه‌نی یاسایییه‌وه به‌شوو دراون، به نهێنی بووه و به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و له ده‌ره‌وه‌ی دادگا ئه‌م كاره ئه‌نجام دراوه، هه‌ر كه‌سێك له به‌شوودانی منداڵان ده‌ستی هه‌بووبێت، ئه‌وا ده‌گیرێت و له دادگا به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
د.دیندار زێبارى ئاشكراى كردووه، یۆنامی مه‌شق و راهێنان به هێزه‌كانی ئاسایش، هێزه ته‌ناهییه‌كان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره حكوومییه‌كان كردووه و تا ئێسته چه‌ندان خولی تایبه‌تی كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكار بێت له باشتركردنی ره‌وشی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستاندا.