هۆشداری بە شارەوانییەكانی هەولێر دەدرێت

:: AM:10:40:11/09/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی هەولێر، هۆشداری بە شەش شارەوانییەكەی هەولێر دەدات كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بكەن و ئیشوکاریان بە خێرایی بۆ راپەڕێنن، دەنا خۆیان بەرپرس دەبن.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ سەرجەم شارەوانییەكانی هەولێر نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئاگەدارتان دەكەینەوە لەبارەی پرۆسەی مۆڵەت پێدانی خانوو لە سنووری شارەوانییەكانتان لە سەرەتای دەست پێكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە پێشكەشكردنی داواكاریی پێویستە بەزووترین كات كارەكانی هاووڵاتییان ڕایی بكرێت.

لە نووسراوەكە ڕوون كراوەتەوە، مامەڵەی هاووڵاتییان بۆ دروستكردنی خانووی نوێ‌ نابێت قۆناغی پشكنین لە سێ‌ ڕۆژ زیاتر بێت و پێویستە مامەڵەی هاووڵاتی ڕایی بكرێت.

لە كۆتایی نووسراوەكە ئاشكرا كراوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕێنوێنییە خۆتان بەرپرسیارن.

ئەو ڕێنوێنییەی شارەوانی هەولێر لە كاتێكدایە ئێستە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان تا ئاستێك باش بووە و دروستكردنی خانوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەستی پێ‌ كردووەتەوە و چەند ڕێنوێنییەكی نوێ‌ لە شارەوانی هەولێر بۆ دروستكردنی خانوو لە ڕابردوو دەرچوو.





وشە - رامیار جەواد