دوای راپۆرتێكی "وشه" خاوەن كێڵگەیەكی مەڕوماڵات سزا درا

:: AM:11:12:11/09/2019 ‌

دوای ئەوەی‌ رۆژی چوارشەمی هەفتەی رابردوو رۆژنامە و ماڵپەڕی "وشە" راپۆرتێكی لەبارەی شوێنی بەخێوكردنی مەڕوماڵات لە ناوچەی كواشێی سەربە شارۆكەی سێمێل بڵاو كردەوە كە دەكەوێتە نێوان كارگەی ریسایكلینی و بیرە نەوتییەكان، بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی ژینگەی دهۆك خاوەنی پڕۆژەكەی سزا دا.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، محەمەد تاهیر بریفكانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك بە"وشە"ی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەك شوێنی ئەو پڕۆژانە بەكەڵكی بەخێوكردنی مەڕوماڵات نایەن و كاریگەری خراپ و راستەوخۆیان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە هەیە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بە نووسراوی فەرمی لایەنی پێوەندیدار و خاوەن پڕۆژەكانیش ئاگادار كراونەتەوە كە دەبێت شوێنی ئەو پڕۆژانە بگوازرێنەوە، دوای ئەوەی راپۆرتی "وشە" لەسەر ئەو پڕۆژەیە بڵاو كرایەوە، ئێمە خاوەنی پڕۆژەكەمان بە بڕی هەشت ملیۆن دینار سزا دا، پێویستە دوای سزادانیش بە زووترین كات شوێنەكە چۆڵ بكات، ئەگەرنا سزاكە دووبارە دەبێتەوە".

"ئەو مەڕوماڵاتە رۆژانە لەناو پاشماوەكانی ماڵانی كارگەی كواشێ و بیرە نەوتییەكانی ئەو ناوچەیەدا دەگەڕێن و پاشماوەكان دەخۆن و دەكەونە ناو پاشماوەكانی نەوت و ژەهراوی دەبن، بەمەش كاریگەری خراپ لەسەر ئاژەڵەكە و هاووڵاتییان دروست دەبێت، بەتایبەتی لەوەی هاووڵاتییان شیر و ماست و گۆشتی ئەو ئاژەڵانە بۆ خواردن و خواردنەوە بەكار دەهێنن و بەشێكی زۆری بەرهەمەكان بۆ بازاڕەكان دەگوازنەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك دووپاتی دەكاتەوە، لایەنی پێوەندیدار لەسەر ئاستی باڵا و پارێزگاری دهۆكیش لەسەر مەترسییەكانی ئەو پڕۆژەیە بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ و مەڕوماڵات ئاگادار كراونەتەوە.

جێی باسە نزیكەی هەزار سەر ئاژەڵ لەو پڕۆژانە بەخێو دەكرێن و ئێستە خاوەن پڕۆژەكان وردە وردە ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن، بەڵام بەشێكی زۆر لەو ئاژەڵانە ماون و رۆژ لە دوای رۆژ كاریگەری خراپتر لەسەر ژینگە و هاووڵاتییان و ئاژەڵەكان دروست دەبێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان