لە پێنجوێن گەورەترین تاوان بەرامبەر بە ژینگە ئەنجامدرا

:: AM:11:40:11/09/2019 ‌

لە سنووری دوو گوندی شارۆكەی پێنجوێن، لەلایەن چەند كەسێكەوە، زیاتر لە سێ هەزار داری دارستانەكان بڕانەوە و پۆلیسی دارستانیش هەڕەشەی گرتنیان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن چەند هاووڵاتییەكی سنوورەكەمانەوە ئاگاداركراینەوە، لە گوندەكانی بناوەسووتە و سەرنەوان كە دەكەونە سنووری نێوان شارۆكەی پێنجوێن و رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی یەكجار زۆر دار لە دارستانە چڕەكان بڕاونەتەوە و ئێمەش راستەوخۆ مەفرەزەكانی پۆلیسمان بۆ ناردن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كاتێك چووینە شوێنەکە، بینیمان لە چوار شوێنی ئەو دوو گوندە زیاتر لە سێ هەزار دار بڕاونەتەوە و دواتریش بە شێوەیەكی زۆر نەشیاو و رێگەپێنەدراو سوتێندرابوون و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری دادگای پێنجوێن، سەرجەم ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، دەگیرێن و دەیاندەینە دادگا.

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن دووپاتی دەکاتەوە، ئەمە یەكەم كاری لەم شێوەیەیە كە لە ناوچەكەماندا دژ بە ژینگە كراوە و مەبەستی سەرەكی كارەكەش ئەوەیەن دواتر یان بكرێتە شوێنی كشتوكاڵی یان زەویەكان بە پارەیەكی زۆر بفرۆشرێنەوە.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و زیاتر لە250 گوند لەخۆدەگرێت و خاوەنی رووبەڕێكی فراوانی دارستان و سەوزاییە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی







وشە - هیدایه‌ت جان