نێردەی ئەمەریکا: بۆ وەرگرتنی رای سەرۆک بارزانی هاتووین

:: PM:02:19:11/09/2019 ‌

برایان مەکفیتێرز لە سەڵاحەدین لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بوویەوە و رای گەیاند، هاتووین تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ببیستین.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برایان مەکفیتێرز، جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق كرد.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە دیدارەكەدا كە ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرەتا جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لەعێراق خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا، ڕایگەیاند کە هاتوون تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ببیستن.

"لە دیدارەکەدا بە درێژی باسی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە پشتیوانیی دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور. هەروەها دۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعش خرایە بەر باس" لە بڵاوکراوەکەدا وا نووسراوە.

لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی داعش لەڕووی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچوون و خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن. هەروەها تەئکیدی کردەوە کە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموولایەک، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیک و بۆ هەندێکی تر هەڕەشەکە دوورمەودایە، ئەو هۆکارانەش کە داعشیان دروست کرد وەکخۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.

دووپات لەوەیش کراوەتەوە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ تاتوێ كرا.

بارودۆخی سووریا تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند.



وشە - هیدایه‌ت جان