ئۆپیك: خواست لەسەر نەوت لە 2020 دادەبەزێت

:: PM:05:43:11/09/2019 ‌
ئەگەرچی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و رووسیا دووپات لە پابەندییان بە رێككەوتنی نێوانیان دەكەن لە كەم كردنەوەی بەرهەمهێنان، بەڵام ئۆپیك پێشبینی دەكات لە 2020 خواست لەسەر نەوت كەم ببێتەوە بەهۆی سستی گەشەی ئابووری دنیا.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئۆپیك رای گەیاند، لە ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت كەم دەبێتەوە بەهۆی سستی لە گەشەی ئابووری دنیا.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بێت ئەوا خواست لەسەر نەوت بە رێژەی میلۆنێك و 80 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت، بەمەیش بە بەراورد بە پێشبینی پێشتری، 60 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمی كردووە. ئۆپیك دەڵێ، نەوتی زیادە لە بازاڕ دەمێنێتەوە.

پێشبینییەكانی ئۆپیك لە كاتێكدایە ململانێیەكی توند لەنێوان ئەمەریكا و چین لەلایەك و دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا لەلایەكی تر هەیە، ئەمەیش فاكتەری سەرەكی بەردەوامیدانە بە كەم كردنەوەی بەرهەم لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیك و رووسیا.

هاوكات ئۆپیك پێی وایە گەشەی ئابووری لە 2020 بەڕێژەی 3.1% دەبێت نەك 3.2%، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو زانیارییانە دەبێت لەنێوان بەرپرسە هاوبەشەكان تیشكی بخرێتەسەر، بەتایبەت وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بۆ پشتگیری سەقامگیری بازاڕی نەوت و خۆ دوورخستن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
 
 پێشبینییەكانی ئۆپیك لە كاتێكدایە وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە و رووسیا، رێككەوتنی كەم كردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتییان هەیە تا مانگی ئاداری 2020، ئەگەرەكانیش بۆ درێژەدان و پێداچوونەوە بە رێككەوتنەكە دەچێت.


وشە - فه‌رمان سادق