زانیاری لەبارەی زەیتی ئەڤەكادۆ

:: PM:07:48:11/09/2019 ‌
ئەگەرچی هێشتا ئەڤەكادۆ نەبووەتە میوەیەكی هەمیشەی سەر سفرە و خوانەكان، بەڵام یەكێكە لەو میوانانەی لە زەڵاتە بەناوبانگەكانی دنیا بوونی هەیە. زۆرێك لە خەڵك ئەڤەكادۆ وەك شەربەت دەخواتەوە، بەڵام زۆرینە هێشتا لە بارەی سوودەكانی زەیتی ئەڤەكادۆ هیچ نازانن كە چەندە بە سوودە بۆ تەندروستی.

هەموو زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی جەستەی مرۆڤ پێویستی بە زەیتی سروشتی هەیە، زەیتی ئەڤەكادۆ لەو زەیتانەیە كە پزیشكان رێنوێنیمان دەكەن بەو پێیەی 30% تا 40%ـی پێكهاتەی ئەڤەكادۆ زەیتە.

دەكرێت لە رێی شەربەتەوە دەستت بگات بە زەیتی ئەڤەكادۆ، بێ ئەوەی ناچار بیت هیچ رێكارێك بگریتەبەر، باشترینی ئەڤەكادۆ كە دەكرێت زۆرترین سوودی هەبێت و زۆرترین بڕە زەیتی تێدا بێت، ئەوانەن كە هێشتا سەوزن و رەنگیان نەگۆڕاوە.

لە دیارترین سوودەكانی زەیتی ئەڤەكادۆ ئەوەیە كە دژە ئۆكسید و هەوكردنە كە ئەمەش لە زەیتەكانی تر نییە كە بە پڕۆسەی پاڵاوتن تێدەپەڕن، تەنانەت هەندێك لەو زەیتانە لە رێگەی بەرزكردنەوەی پلەی گەرمی و تێكردنی مادەی كیمیایی بەرهەم دەهێنرێن.

زەیتی ئەڤەكادۆ بڕێكی زۆری ڤیتامین (E)ـی تێدایە كە یارمەتی جەستە دەدات لە مژینی مادە بە سوودەكان دەدات كە بە كارتنویدات ناسراوە كە رەنگی زیندوون و لەناو میوەكان هەن.

زەیتی ئەڤەكادۆ رۆڵی كاریگەری هەیە لە كەمكردنەوەی ئاستی رێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێنی مرۆڤ، هاوكات دەتپارێزێت لە نەخۆشییەكانی دڵ، بەگوێرەی قسەی شارەزایان، تەنانەت هەندێك زەیتی ئەڤەكادۆ بەكاردەهێنن بۆ چاودێری و پاراستنی قژ و پێست.


وشە - فه‌رمان سادق