53 كۆشكی زەرد لەسەر شۆستەكانی هەولێردا هەن
ماوەیەكە 53 دووكانی مۆدێرن VT لەسەر شۆستەی شوێنە جیاجیاكانی هەولێر دانراون، پێویستە ئەوان ٢٤ سەعات كراوەبن، بەڵام بەو شێوەیە نییە، نیوەڕۆیانیش دادەخرێن و زۆربەی كاڵاكانیش لەبەر تیشكی خۆرەتاو سوور دەبنەوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە دەڵێ، "هێشتا كاریان ماوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كەپریان بۆ دروست دەكەین".
ژمارەی دووكان و بازاڕەكانی هەولێری پایتەختی كوردستان كەم نین و لەهەر گەڕەك و شەقامێكدا چەندان دووكان بەڕیز یەكەوە درێژ بوونەتەوە، بەڵام ئەوەی لەو پایتەختەی ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێدەكات كەمە و لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكات، كرانەوەی دووكانی ٢٤ سەعاتین، كە بەتایبەت لە بۆنەكان و ڕۆژانی پشوو دەرگەی زۆربەی هەرەزۆریان دادەخرێت و بە ئەستەم پێویستییەك وەچەنگ دەكەوێت، بە درككردن و پڕكردنەوەی ئەو بەتاڵاییە، لە ماوەی ڕابردوو چەندان كۆشكی زەرد لەسەر شۆستەی شوێنی پیادەڕۆی سەر شەقامە گشتییە جیاجیاكانی هەولێر قوت بوونەوە، كە گوایە دووكانی ئەلیكترۆنی و ٢٤ سەعاتیش كراوە دەبن، نە ئەلیكترۆنین و نەك ٢٤ سەعات، جیا لەوەی كە شەوانە لە دوای سەعات یەكەوە دادەخرێن، تەنانەت زۆریان نیوەڕۆیانیش داخراون، سەرباری ئەوانەش هەڵكەوتەی زۆربەیان لەبەر چەقی خۆرەتاوە و هەر لە بەیانییەوە تا ئێوارە تیرێژی خۆر لەسەر كاڵاكانیان بازبازێنیەتی.
"وشە" لەمەڕ نەكرانەوەیان لە شەودا و داخستنیان لە كاتی نیوەڕۆ، چەند خاوەن فرۆشگەیەكەی لەو كۆشكانە دواند، باسیان لەوە دەكرد كە كردنەوە و داخستنیان لە دەستی خۆیاندایە و كەس بە كرانەوەی ٢٤ سەعاتی ناچاری نەكردوون.
ئاكۆ ئیبراهیم فەتاح سەرپەرشتیاری كۆشكەكانە، ئاماژە بە هۆكاری نەبوونی سیستمی ئەلیكترۆنی كڕینی فرۆشتنی كۆشكەكان دەدات كە بۆ ئەوە پێویستی بە كارتی بانك و وردەی ئاسن هەیە، تا ئێستە لەناو خەڵكی كوردستان كارتی بانكی بەربڵاو نییە و پارەی ئاسنیش هەر نییە كە دواجار دەكرێ بەپێی پێویستی دابنرێت، لەبارەی داخرانیانەوە سەرپەرشتیارەكە دەڵێت، "ئێستە زۆربەیان ٢٤ سەعات كراوەن، لە هەر ناوچەیەك دووانیان بە بەردەوامی كراوەن و بەهیچ جۆرێك داناخرێن، لە ئایندەشدا هەمووان بە بەردەوامی كراوە دەبن".
ئاكۆ ئیبراهیم ئاماژە بۆ ئەوه دەكات، لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە دەست بە كرانەوەی ئەو كۆشكانە كراوە و كارەكە تازەیە و هەندێك وردەكارییان ماوە، نایشارێتەوە كە لیژنەی قایمقامییەتیش داوایان كردووە ساردكەرەوەكان و كاڵاكان لەبەر خۆر هەڵبگیرێن. ئەو دەڵێ "لەگەڵ دوو كۆمپانیای دروستكردنی كەپر ڕێككەوتووین، كە هەوڵی رژد دەدەین لە ماوەیەكی كورتدا هیچ كۆشكێك بەبێ كەپر نەمێنێتەوە".
ئەو پڕۆژەیە كۆمپانیای ڤیرجینیا تۆباكۆ جێبەجێی كردووە و بەپێی زانیارییەكان، ژمارەی كۆشكەكان ٥٣ دانەیە و شارەوانی كە شوێنەكانی دیاری كردوون و گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكە كردووە، "وشە" پێوەندی بە سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێرەوە كرد، بەڵام بەرەو وەبەرهێنان ئاراستە كرا و سامان عارەب بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی هەولێر باس لەوە دەكات، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە پەسەند كراوە و نووسراویان كردووە بۆ شارەوانی تا زەوی پێویست دیاری بكرێت. ئەو دەڵێ "ئەوە پڕۆژەیەكی بازرگانییە و بەكرێی مانگانە بە كۆمپانیا دراوە، كۆمپانیا مانگانە كرێكەی دەداتە سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر كە گرێبەستیان لەگەڵیان هەیە".