تا كۆتایی 2019 دابەزینی بەهای دراوی چین بەرانبەر دۆلار بەردەوام دەبێت

:: AM:10:51:12/09/2019 ‌

لەگەڵ درێژەكێشانی جەنگی ئابووری نێوان چین و ئەمەریكا، رۆژ بە رۆژ لە نرخی دراوی فەرمی چین دادەبەزێت و لێكۆڵەرەوانیش پێشبینی دەكەن ئەم دابەزینە تا كۆتایی ساڵی 2019 بەردەوام بێت.

پێشبینی دەكرێ نرخی یووان بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بۆ 7.3  دابەزێت. دوێنێ چوارشەم نرخی دۆلار بەرانبەر بە 7.1 یووانی چینی ئاڵوگۆڕ كرا.

یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی دراوی فەرمی چین پێوەندی بە سیاسەتی حكوومەتی چینەوە هەیە بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو باجە گومرگییانەی ئەمەریكا خستوویەتە سەر بەرهەمەكانی ئەو وڵاتە.

ئەمەریكا لەگەڵ هاتنە سەركاری دۆناڵد ترەمپ لە سیاسەتی بازرگانیدا گۆڕانكاری كردووە و لە بەشێكی زۆری ئەو بنەما بازرگانییە جیهانییانە لای داوە كە پێشتر كاری پێ دەكرا.

ترەمپ پێی وایە ئەمە زیانی بۆ ئابووری ئەمەریكا هەیە و هۆكار بووە بۆ ئەوەی بەسەرمایەی ئەمەریكا دەرفەتی كار و داهات بۆ وڵاتانی تر بڕەخسێت لە كاتێكدا دەكرێ هەر ئەو كۆمپانیایانە لە ناوخۆی وڵات سەرجەم خیر و بێریان بۆ وڵاتەكەیان بێت.

ئەمەریكا بەو باجە گومرگییانە مەبەستیەتی دەستی چین لە بازرگانیی جیهانیی كورتتر بكاتەوە و پەرە بە بەرهەمی ئەمەریكی بدات.



وشە - سلێمان تاشان