ترەمپ رازی بووە بە پێدانی 15 ملیار دۆلار بە ئێران

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا..
:: AM:11:58:12/09/2019 ‌
هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی بارگرژی نێوان ئەمەریكا و ئێران تا دێت بەرەو چارەسەر دەچێت، دوای لادانی جۆن بۆڵتن، میدیاكان بڵاویان كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پێشنیاری ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا رازی بووە بە كرانەوە بە رووی ئێران و رەزامەندی نیشاندان بە پێدانی 15 ملیار دۆلار بەو وڵاتە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئەیلوول، ماڵپەڕی "دەیلی بێست" لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا بڵاوی كردەوە، دۆناڵد ترەمپ لەو چەند هەفتەی رابردوودا بە رووی پلانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا كراوەتەوە لە بارەی پێدانی 15 ملیار دۆلار بە ئێران بەرانبەر بە گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونی بە رێككەوتنی ناوكی.

 بەگوێرەی ماڵپەڕەكە بێت، دوو سەرچاوە ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لەناویاندا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، بە رووی پێشنیارەكەی سەرۆكی فڕەنسا كراونەتەوە.

ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە هێشتا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەزامەندی خۆی لەسەر پێشنیارەكە دەرنەبڕیوە، بەڵام بە قسەی سەرچاوەكان ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ هاوئاهەنگی، ئەمەش لە چەند هەڵوێستێكی سەرۆكی ئەمەریكا لە مانگی رابردوو بە تەواوەتی دەردەكەوێت، تەنانەت لە كۆبوونەوەكانی گرووپی حەوت وڵاتەكەش كە دوو هەفتەی رابردوو كارەكانی لە فڕەنسا بەڕێوە چوو.

 رۆژنامەی "دەیلی بێست" دەڵێ، چەند سەرچاوەیەك پێی راگەیاندووە كە بەرپرسانی بیانی پێشبینی دەكەن دواجار دۆناڵد ترەمپ رازی بێت بە دەستپێشخەرییەكەی فڕەنسا و سزاكانی سەر ئێرانیش سووك بكات، تەنانەت سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێی ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆی لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران دەكات لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بڕیارە لەم مانگەدا لە نیویۆڕك بەڕێوە بچێت.

جێی باسە دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكا بەلای زۆر لە چاودێران سەرەتای قۆناغێكی سیاسی نوێ دەبێت بۆ ئەمەریكا و كرانەوە بە رووی زۆر دۆسیەدا كە بۆڵتن زۆر رژد بوو لەسەری، لەوانەی دۆسیەی ئێران، كۆریای باكور و رووسیا.


وشە - فه‌رمان سادق