لە ئەگەری كشانەوەی بێ رێككەوتن لە یەكێتی ئەوروپا، بەریتانیا تووشی پاشاگەردانی دەبێت

:: PM:01:56:12/09/2019 ‌

حكوومەتی بەریتانیا لە ژێر گوشاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەرهاویشتەكانی جیابوونەوەی یەكلایەنە لە یەكێتی ئەوروپای لە راپۆرتێكدا بڵاو كردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەكەش، ئەگەر ئەو وڵاتە بێ رێككەوتن بكشێتەوە، ئەوا لە كۆمەڵێك كەرتی ئابووری زیانی پێ دەگات.

پێشتر میدیاكان لە راپۆرتی جیاوازدا باسیان لەوە كردبوو لانی كەم لە 12 كەرتی گرینگی ئابووری وەك خۆراك، دەرمان، گواستنەوە و تەندروستی بەریتانیا زیانی بەردەكەوێت.

لە راپۆرتەكەی حكوومەتی بەریتانیا باس لەوەش كراوە كە لەوانەیە بە جیابوونەوەی یەكلایەنە لە یەكێتی ئەوروپا جۆرێك پاشاگەردانیش لە بازاڕ بێتە كایەوە، باسی لەوەش كردووە كە ئاستی ئامادەیی كەرتی گشتی و بازرگانی بۆ دەرچوونی بێ رێككەوتن زۆر كەمە.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو پەرلەمانتاران دەنگیان بە پڕۆژەیەك دا كە حكوومەتی ناچار دەكرد وردەكاری ئەو راپۆرتە بڵاو بكاتەوە كە لەسەر دەرەنجامەكانی دەرچوونی وڵات لە یەكێتی ئەوروپا دێتە كایەوە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" هاوكات دادگای پێداچوونەوەی سكۆتلەنداش بڕیاری بۆریس جانسۆن بۆ هەڵپەساردنی پەرلەمانی بە بڕیارێكی نایاسایی هەژمار كرد.

حكوومەتی بەریتانیا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە رای گەیاند پێداچوونەوە لە بڕیارەكەیی بە دادگای باڵای بەریتانیا سپاردووە.



وشە - سلێمان تاشان