بە پێچەوانەی ئەمەریكا و ئێران كە هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان خەریكە دەگات بە ئامانج، پێوەندییەكانی ئیسڕائیل و ئێران تا دێت گرژتر دەبێت. بنیامین ناتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل دەڵێ، جەنگێكی یەكلاكەرەوە لە ناوچەكە روودەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئەیلوول، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل رای گەیاند، بەردەوامی هاوێشتنی مووشەك لەلایەن بزووتنەوەی حەماس هیچ بژاردەیەك لەبەردەم ئیسڕائیل ناهێڵێتەوە جگە لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی فراوان نەبێت بۆ سەر غەززە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بوونی پلانێكی پێشكەوتووی بۆ ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئاشكرا كرد، گوتی "باشترین كات بڕیار لەسەر دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە دەدەم، بەتایبەت ئەگەر بەرپرسانی حەماس بڕیار لەسەر وەستاندنی هاوێشتنی مووشەك بۆ ئیسڕائیل نەدەن".
ناتەنیاهۆ لە
دیمانەیەكدا لەگەڵ رادیۆیەكی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوەدا كە دەستپێشخەری جەنگ نابن، هێرشی سەربازی دوا بژاردە دەبێت، لەو كاتەی هیچ بژاردەیەكی ترمان لە دەست نامێنێت.
قسەكانی ناتەنیاهۆی دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەی حەماس سێ مووشەكی ئاراستەی ئیسڕائیل كردووە و دەنگی ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن بیستراوە.
ناتەنیاهۆ كە ئێستە لە مۆسكۆیە بۆ دیداری لووتكە لەگەڵ فلادیمێر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بەوەدا كە گۆڕەپانی سووریا بەلای ئیسڕائیل گۆڕەپانی ناوەندی جەنگە، گوتی "گرنگە بتوانین پارێزگاری لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئێران و حزبوڵا لە سووریا بكەین".
بەردەوامی بارگرژییەكانی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و هێزەكانی سەر بەو وڵاتە لە سووریا و لبنان و فەڵەستین لە كاتێكدایە كە دەستپێشخەری فڕەنسا بۆ هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران خەریكە سەر بگرێت.