نرخی نەوت لە سێ رۆژدا 6% دابەزیوە

:: PM:03:26:12/09/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان رووی لە دابەزین كردەوە و لە سێ رۆژی رابردوودا سی دۆلار و 70 سەنت کەمی کردووە  کە بەرێژە دەکاتە نزیکەی 6% .

سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاری بۆرسە تا سەرلەبەیانی رۆژی سێشەم  نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت تا 63 دۆلار و 70 سەنت هەڵکشا بەڵام دواتر رووی لە دابەزین کردەوە و ئەم دابەزینەش تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریکیش سەرووی سێ دالار دابەئزیوە  وئێستە هەر بەرمیلێکی بە 55 دۆلار و 27 سەنت دەفرۆشرێت.

بڕیاری ترەمپ بۆ لابردنی جۆن بۆڵتن لە راوێژكاری كۆشكی سپی یەكەم هۆكار بوو كە لە چەند رۆژی رابردوو كاریگەری خستە سەر بازاڕی نەوت و دەگوترێت ئەم بڕیارە كاریگەری بۆ سەر بڕیارەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەمیش بن لۆکاک یەکێک لە گەورەترین بازرگانانی نەوت لە جیهاندا بۆ بلوومبێرگ پێشبینی کردووە نرخی نەوت لە سێ مانگی داهاتوودا تا 50 دۆلار کەم ببێتەوە بەڵام دواتر تا 70 دۆلار بەرز ببێتەوە کە نرخی گونجاوە بۆ کڕیار و بۆ فرۆشیار.

ئەگەر نرخی نەوت زیاتر دابەزێت ئەو پێویستییە دێتە کایەوە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک دووبارە برێکی زیاتر لە بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە.



وشە - سلێمان تاشان