عێراق.. بەهۆی پلە تایبەت و هەڵبژاردنەوە ناكۆكی و ترازانی سیاسی دروست دەبێت

پەرلەمانی عێراق
:: PM:08:50:12/09/2019 ‌

پەرلەمانتارانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەهۆی پلە تایبەتەكان كە تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە و نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ململانێی و ترازانی گەورە لە هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكان دروست دەبێت.

حوسێن عیقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، لێكگەیشتنی سەرەتایی لەكاتی پێكهێنانی حكوومەت لە نێوان هێزە سیاسییەكان رێككەوتن بوو لەسەر كاندیدكردنی كەسانی سەربەخۆ بۆ پلە تایبەتەكان و سەرۆكی دەستە سەربەخۆیەكان.

زیاتر گوتی، بەڵام دوای پێكهێنانی حكوومەت ئەوەی رووی دا سووربوونی فراكسیۆنە گەورەكان بوو لەسەر هێشتنەوەی كەسانی سەربەخۆیان لەو پۆستانە، بەتایبەتی ئەوانەی داهاتی زۆری داراییان هەیە، بۆیە گۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ململانێیەكی گەورەی فراكسیۆنەكان و ئەوان ئێستە خەریكی لادانی ئەو پلەتایبەتانەن بۆ دانانی كەسانیتری سەربەخۆیان.

لای خۆیەوە میساق ئیبراهیم پەرلەمانتاری هالوپەیمانی "فەتح" ئاماژەی كرد، بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە لە رۆژانی داهاتوو ترازانی سیاسی گەورە دروست دەبێت كە هەموو هاوپەیمانیەتییەكان دەگرێتەوە. زیاتر گوتی، ترازانەكە هەموو پێكهاتەكان بە سوننە و شیعە و كورد دەگرێتەوە ئەوان پێش هەڵبژاردن جیا دەبنەوە و دوای هەڵبژاردن دووبارە هاوپەیمانی دەكەنەوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل