"متمانەسەندنەوە لە عادل عەبدولمەهدی لە ئارادا نییە"

:: PM:05:02:13/09/2019 ‌
دوای كۆتایهاتنی پشووی هاوینە، بڕیارە سبەى شه‌موو 14ى ئه‌یلوول، پەرلەمانی عێراق یەكەمین كۆبوونەوەی خولی نوێی یاسادانان ئەنجام بدات.

دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، ڕاى گه‌یاندووه‌، "سبەی وەرزی یاسادانانی ساڵی دووەم دەست پێدەكەین و لە كۆبوونەوەكەی سبەینێش بابەتی سیاسی تێدا نییە و تەنها خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەندێك پڕۆژە یاسا و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەندێكی تر ئەنجام دەدەین".

زیاتر ئاشكراى كردووه‌، كه‌ فڕۆشتنی جەستەی مرۆڤ و بابەتەكانی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی گرنگترین ئەو پڕۆژانەن كە گفتوگۆیان لەسەر دەكەین، هه‌وره‌ها پرسی متمانەسەندنەوە لە عادل عەبدولمەهدی لە ئارادا نییە و بابەتی لەو شێوەیە تەنها لە ڕاگەیاندنەكاندا بەرچاو دەكەوێت.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو گوشارانەی لە عادل عەبدولمەهدی دەكرێت، گوشاری سیاسی و بەرژەوەندییە، چونكە بابەتی یەكلاكردنەوەی پلە تایبەتەكان دەبێت تاكو 24ى تشرینى یه‌كه‌م یەكلایی بكرێتەوە و ئەو لایەنانەش دەیانەوێ پشكی باشیان بەربكەوێت و حكوومەت پشكی باشیان بداتێ.

ئاشكرایشی كرد، وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پشتگیری خۆمان بۆ حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دووپات دەكەینەوە.


وشە - محەمەد میران