سوپا له‌بری پارێزگاری له خه‌ڵك ماڵه‌كانیان داگیر ده‌كات
گوندنشینانی سنووری ناوچه‌ی "پاڵانی شێخ باوه" له شاره‌دێی گوڵاڵه‌ی سه‌ربه خانه‌قین، به‌هۆی داگیركردنی گونده‌كانیان، سكاڵایان له دژی سوپای عێراق تۆمار كردووه و باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و جێیانه‌ی هه‌ستیارن، سوپا تێیدا جێگیر نابێت. هاوكات ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به گره‌نتی پاراستنی ناوچه‌كه ده‌زانن.
لوقمان محه‌مه‌د رۆسته‌م به نوێنه‌رایه‌تی گونده‌كانی پاڵانی له ناوچه كوردستانییه‌كانی سنووری شاره‌دێی گوڵاڵه، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد كه له پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه، سوپای عێراق و میلیشیاكان ژیانیان لێ تاڵ كردوون. به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی "ماوه‌یه‌كه ته‌نیا هێزی سوپا له گونده‌كانی سنووری ناوچه‌ی پاڵانی ماونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش ماڵه‌كانیان داگیر كردووه و كردوویانه به سه‌ربازگه".
ئه‌و نوێنه‌ره ده‌ڵێ، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپاوه ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌ی ماڵان ده‌رهێنراون و ده‌رگه‌كانیان شكێنراون.
گونده‌كانی ناوچه‌ی پاڵانی حه‌وت گوندن، به‌و هۆیه‌وه ناوچه‌كه‌یان چۆڵ كردووه، به‌مدواییه‌ش ته‌نیا گوندنشینانی ته‌په‌چه‌رموو مابوون، ئه‌وانیش ناچار بوون روو بكه‌نه كه‌لار و ناوچه‌كانی تری گه‌رمیان.
لوقمان ئه‌وه‌یشی گوت، "ئێمه له دادگای خانه‌قین ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێ سكاڵامان تۆمار كردووه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامێكمان له‌باره‌ی سكاڵاكه‌وه وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه و هیچ ده‌نگێكی نییه".
زیاتری خسته ڕوو، ناچاركردنی خه‌ڵك به جێهێشتنی ناوچه‌كه، بووه‌ته هۆكارێك تا گوندنشینان له كاری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری دوور بكه‌ونه‌وه و له دۆخێكی زۆر خراپ‌دا بژین.
حه‌سه‌ن مه‌جید كه خه‌ڵكی هه‌مان ناوچه‌یه، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، به‌هۆی داگیركردن و به سه‌ربازگه‌كردنی گونده‌كه‌یان (ته‌په‌چه‌رموو)، به ناچاری له گه‌رمیان شانی داوه‌ته به‌ر كرێكاری. له كاتێكدا پێشتر به‌هۆی به‌رهه‌می ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵی له دۆخێكی باش‌دا بوون.
به بۆچوونی ئه‌م هاووڵاتییه، گونده‌كانی ناوچه‌ی شێخ باوه و كه‌ناری رووباری سیروان بۆ سه‌ربازگه گرنگه نه‌ك ماڵ، كه‌چی هێزی سوپا به پێچه‌وانه‌وه هاتووه‌ته گونده‌كان و رێ‌یان بۆ داعش خۆش كردووه تا زیاتر كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه عامر ره‌فعه‌ت به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی گوڵاڵه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند، له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه گوندنشینان و بگره خه‌ڵكی سه‌نته‌ری شاره‌كانیش له ناوچه كوردستانییه‌كان، له دۆخێكی خراپدان و هه‌ریه‌كه و به جۆرێك ده‌كرێنه ئامانج.
تاكه هۆكار بۆ پاراستنی دۆخی ناوچه‌كه به بڕوای ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه بۆ ئه‌و ناوچانه تا چیتر گوندنشین نه‌بن به قوربانی و له ماڵوحاڵی خۆیان دوور نه‌خرێنه‌وه.
ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كان ئێسته یه‌كێكه له داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان.
خه‌لیل خوداداد به‌رپرسی كۆمیته‌ی رێكخستنی گوڵاڵه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به"وشه"ی گوت، ئه‌و هێزانه‌ی له پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه هاتوون بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله به گشتی و شاره‌دێی گوڵاڵه به‌تایبه‌تی، هاوئاهه‌نگییان نه‌ك له‌گه‌ڵ حزبه‌كان، بگره له‌گه‌ڵ یه‌كه كارگێڕییه‌كانی ناوچه‌كه‌یش نییه. به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی به ئه‌سته‌می ده‌زانێ سكاڵا و به‌دواداچوونی گوندنشینان كاردانه‌وه و به‌رهه‌می هه‌بێ. ئه‌وه‌یشی روون كرده‌وه "داعش له ناوچه‌كه به‌هۆكاری شاره‌زایی و بوونی بۆشایی ته‌ناهی و نه‌بوونی هێزی تۆكمه له زۆر جێ، دۆخی ناوچه‌كه‌ی قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی".
"وشه" هه‌وڵی دا له‌باره‌ی گرفت و داواكاری گوندنشینانه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه بدوێنێ، به‌ڵام ته‌نیا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه به‌هۆی دۆخی ناوچه‌كه‌وه له‌سه‌ر زۆر پرس لێدوان ناده‌ن، چونكه دۆخه‌كه وا ده‌خوازێت.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌شیر عه‌بدوڵا ئه‌ندامی كوردی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی گوڵاڵه، به"وشه"ی راگه‌یاند، پێشتر گونده‌كانی ناوچه‌ی شێخ باوه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی به‌رهه‌می ئاژه‌ڵداریی و كشتوكاڵ بوون و ساڵانێك له سایه‌ی پێشمه‌رگه بژێۆی رۆژانه‌ی خۆیان دابین ده‌كرد. كه‌چی ئێسته ئه‌نجوومه‌ن جیاواز له پێشتر، نه هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كان هه‌یه و نه رۆڵی پێشتریشی هه‌یه بۆ به‌دواداچوونی گرفته‌كان.
له سنووری ناوچه‌ی شێخ باوه و گونده‌كانی، هێزه‌كانی سوپا جگه له چه‌ند ره‌بیه‌یه‌كی نزیك جه‌له‌ولا، له گونده‌كان گیرساونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه نزیك به چه‌م و رووباری سیروان له بری دانانی هێزی جێگیر، ناو به‌ناو ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام نه‌بوونه‌ته هۆی ریشه‌كێشكردنی داعش.
وشه/ به‌دواداچوونی سه‌بری هۆرێنی