عەبدولمەهدی پلەتایبەتەكان خانەنشین ناكات

:: AM:09:42:14/09/2019 ‌
لە كاتێكدا كەمتر لە دوو مانگ لە بەردەست سەرۆك وەزیراندایە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پلەتایبەتەكان كە بە وەكالەت بەرپرسی یەكەمی فەرمانگەكانن، بەڵام بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، دەسەڵات بە عەبدولمەهدی دراوە خزمەتی فەرمانبەری ئەوانەش درێژ بكاتەوە كە كاتی خانەنشینیان هاتووە. هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنان دەڵێ، بڕیارەكە شۆكی كردوون و كوشتنی تواناكانە.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، لە بەیاننامەیەكدا هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنان رای گەیاند، بڕیاری درێژكردنەوەی خزمەتی فەرمانبەری بۆ بەرپرسانی پلەباڵا كە كاتی خانەنشینبوونیان هاتووە، شۆكی كردوون، بڕیارەكەش بڕیاری كوشتنی توانا و مانەوەی دەستەبژێری ئاشووبچییەكانن لە دەسەڵات.

سەباح ساعدی سەرۆكی هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنان ئاماژەی بە بڕیاری ژمارە (311)ـی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە رۆژی پێنجشەم 12ـی ئەیلوول دەرچووە و تێیدا دەسەڵاتی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران داوە، خزمەتی فەرمانبەری ئەو بەرپرسە پلەباڵایانەی دەوڵەت درێژ بكاتەوە كە كاتی خانەنشینیان هاتووە.

ساعدی دەڵێ، ئەمە بێ هیواكردنی عێراقییەكانە بەرانبەر بەو ئالنگارییانەی رووبەڕووی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبێتەوە كە پێویستی بە گۆڕانكاری و چاككردن هەیە، گوتی "نابێت ئەوانەی پلەی تایبەتیان هەیە لە پۆستەكانیان بمێننەوە، ئەوان بەشی زۆریان بەشێكن لەو تەنگژە و كێشانەی هەن، هاوكات دەوڵەت پێویستی بە نەوەیەكی تری فەرمانبەر هەیە بۆ سەركردایەتیكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت".

بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كاتێكدایە پەرلەمانی عێراق مادەی 58ـی یاسای بودجەی بۆ خاتری عادل عەبدولمەهدی هەموار كردەوە كە تایبەتە بە دۆسیەی پلەتایبەتەكان كە بەرپرسی فەرمانگە و دەستە سەربەخۆكانن بە وەكالەت، بەگوێرەی هەموارەكەش 24ـی ئۆكتۆبەر كە رۆژی متمانەدانە بە حكوومەت، دوا رۆژە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە، بەڵام سەرۆك وەزیران بەگوێرەی بڕیارەكەی حكوومەت بێت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تەمەنی فەرمانبەری ئەوانەش درێژ بكاتەوە كە كاتی خانەنشینیان هاتووە.

هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنان پێی وایە كاتی ئەوە هاتووە سەركردایەتی فەرمانگەكانی دەوڵەت بدرێن بە نەوەیەكی نوێ كە توانای داڕشتنی سیاسەتێكی نوێیان لە روانگەیەكی كارگێڕی نوێ بۆ فەرمانگەكانی حكوومەت هەیە، دەڵێ مانەوەی ئەوانە لە پۆستەكانیان هۆی پیركردنی دەوڵەتە.

سەباح ساعدی هۆشداری دا لەوەی بونیادنانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی بەم رێیە، ئەوا وڵاتێكی پیرت بۆ دروست دەكات كە توانای بەرەنگاربوونەوەی كێشە و ئالنگارییەكانی نابێت، گوتی "داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەن بەو بڕیارەی بچێتەوە و سوود لە توانای گەنجان وەربگرێت، ئەوانەیشی كە چوونەتە تەمەنەوە دەكرێت لە ناوەندەكانی توێژینەوە سوود بە دەوڵەت بگەیەنن".


وشە - فه‌رمان سادق