رووپێوییەك بۆ خەرجی گەشتوگوزار ئەنجام دەدرێت

:: AM:09:57:14/09/2019 ‌

لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بۆ یەكەمجار لەلایەن ناوەندی ئاماری عێراق، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگەی ئاماری پێنجوێن، رووپێوییەك بۆ زانینی خەرجی گەشتیارانی بیانی كە سەردانی هەرێم دەكەن، ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، ئاوات رەسوڵ سەرپەرشتیاری رووپێوییەكە بە"وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی زانینی بڕی خەرجی ئەو گەشتیارانەی لە مەرزە نێودەوڵەتییەكانەوە سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن، لەناو بەشی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، رووپێوییەکمان دەست پێ کرد و بەپێی ژمارەی هاتنی گەشتیارانی بیانی، سامپڵ وەردەگرین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەم رووپێوییە یەكەم رووپێوییە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دەدرێت و سەرجەم مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم و عێراق و فڕۆكەخانەكان دەگرێتەوە و ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و رۆژانە بەشێوەی 24 سەعاتی بەردەوام لەلایەن كارمەندانی رووپێوییەكەهەر گەشتیارێكی بیانی هاتبێتە هەرێم و عێراق لەكاتی گەڕانەوەی لەبەشی نیشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، پرسیاری ئەوەیان لێ دەكەین كە ئاخۆ بڕی ئەو پارەیەی لە هەرێم خەرجیان کردووە چەند بووە.

دووپات لەوەیش دەکاتەوە، بۆ هەر گەشتیارێكیش فۆرمێك پڕدەكەینەوە و بەڕێوچوونی رووپێوییەكەش بەدوو ئاست دەبێت، ئاستی یەكەم بەشێوەی تیۆری و ئاستی دووەمیش بەشێوەی مەیدانی دەبێت.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ ئەنجامدەدرێت.

پێنجوێن/رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان