خاوەن عەلوەکانی پێنجوێن بە نایاسایی پارە لە جووتیاران وەردەگرن

:: AM:10:19:14/09/2019 ‌

لە پێنجوێن بەشێك لەخاوەن عەلوەكان پارە لە جووتیاران وەردەگرن، ئەمەیش پێچەوانەی بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵە و ئیدارەی ناوچەكەش هۆشداری توند دەدات و رێكاریی پێویست دەگرێتە بەر.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، سامان كەریم بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، لە پێنجوێن لەلایەن چەند هاووڵاتییەكەوە، لەسەر رێگای "پێنجوێن – گەرمك" كەپریان دروستكردووە بەناوی عەلوەی كاتی، رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر دانانی ئەو كەپرانە، بەمەرجێك ببێتە هۆی سودگەیاندن بە جووتیارانی سنوورەكە و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان وەك پاڵپشتیەك بۆیان.

روونی دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە خاوەن كەپرەكان بەبێ هیچ یاسا و رێنماییەك، لەكاتی كڕینی بەرهەمی جووتیاران، بڕە پارەیەكیان لێ وەردەگرن بەناوی گواستنەوە، كە بەپێی بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نابێت پارەی گواستنەوە لە فرۆشیار واتە جووتیاران وەربگیرێت.

"داوای بەپەلەمان لە قایمقامیەتی پێنجوێن كردووە لیژنەی بەدواداچوون بۆ ئەو مەبەستە بنرێن و كاری رێكسختنەوەی كەپەرەكان ئەنجام بدەن و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە وەرگرتنی پارەی گواستنەوە لە جووتیاران نەدرێت.

هاوكات، هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بە وەكالەت بە"وشە"ی راگەیاند، لەدوای نیگەرانی زۆری جووتیارانی سنوورەكەمان بەهۆی وەرگرتنی عمولە لێیان، لەلایەن خاوەن كەپرەكان لەكاتی فرۆشتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، ئێمەش وەك ئیدارەی ناوچەكە لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستمان وەرگرت.

دووپاتی دەکاتەوە، پاڵپشت بەبڕیاری ژمارە (3) لە رێكەوتی 3ی تەمووزی 2017ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم، بە هیچ جۆرێك عمولە لە جووتیار "فرۆشیار" وەرناگیرێت، تەنیا لە 6% لە كڕیار وەردەگیرێت كە بڕەكەی 7 هەزار دینار حەماڵی لەجووتیار وەردەگیرێت بۆ هەر تەنێك.

قایمقامی پێنجوێن دەڵێ، هەر خاوەن عەلوەیەك پێچەوانەی ئەم بڕیارە بێت، ئەوا رێكاریی یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێت.

شارۆكەی پێنجوێن، یەكێكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە كشتوكاڵییە هاوینەكان، لەسەر رێگا گشتییەكانی ناوچەكە بەهۆی نەبوونی عەلوە، چەند كەپرێك وەك عەلوەی كاتی كاری كڕین و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە لەگەڵ جووتیاران و كڕیاران دەكەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان