دوای چوار هەفتە لە هەڵكشانی نرخی نەوت، بازاڕەكە بە رەنگی سوور داخرا

:: AM:10:20:14/09/2019 ‌

دوای چوار هەفتەی بەردەوام لە هەڵكشانی نرخ، هەفتەی رابردوو بۆ یەكەم جار چارتی بازاڕی نەوت بە رەنگی سوور داخرا دوای ئەوەی بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی دابەزی.

لە 12ی  ئابەوە هەفتانە بڕێك لە نرخی نەوت هەڵدەكشا و رەنگەكەی بە سەوز دادەخرا، بەڵام هەفتەی رابردوو كە شەوی رابردوو بازاڕەكەی داخرا كۆتایی بە رەوتی هەڵكشانی نرخ هێنا.

لە سەرەتای هەفتەكە تا سەرلەبەیانی رۆژی سێشەم  نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت تا 63 دۆلار و 70 سەنت هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە و ئەم دابەزینەش تا كۆتایی هەفتە بەردەوام بوو و دواجار نرخەكەی بە 60 دۆلار و 12 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكیش دوای دوو هەفتە لە هەڵكشانی نرخ، دابەزینی تۆمار كرد و نرخەكەی بە 54 دۆلار و 87 سەنت داخرا.

لە ناوەندی هەفتەكە بڕیاری ترەمپ بۆ لابردنی جۆن بۆڵتن لە راوێژكاری كۆشكی سپی، یەكەم هۆكار بوو كە دابەزینی نرخی نەوت و  دواتریش بن لۆكاك یەكێك لە گەورەترین بازرگانانی نەوت كاتێك پێشبینی كرد نرخی نەوت لە سێ مانگی داهاتوودا تا 50 دۆلار كەم ببێتەوە بازاڕ كاریگەری وەرگرت. هاوكات وڵاتانی ئۆپێكیش بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیان نەدا لەوە بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دابەزینن و تەنیا بازیان لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی رابردوو كرد لە كاتێكدا بازاڕ پیویستی بەوە هەیە بەرهەمهێنان بە بڕیارێكی نوێ زیاتر كەم بكرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان