بەرنامەی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ چین ئاشكرا دەبێت

:: AM:10:30:14/09/2019 ‌
چاوەڕوان دەكرێت كۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی چین بكات و نزیكەی 30 یاداشتنی لێكتێگەیشتن واژوو بكات. راوێژكارێكی عادل عەبدولمەهدی دەڵێ، دۆسیەی رێگەوبان و خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی لە بەرنامەی سەرۆك وەزیران دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، عەبدولحوسێن هەنین راوێژكاری سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێكی باڵای حكوومەت كە بازرگانانیشی لەگەڵدایە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە سەردانی چین دەكات. 

بە قسەی راوێژكاری سەرۆك وەزیران بێت، لەم سەردانە چوار رۆژییەدا سەرۆك وەزیران نزیكەی 30 یاداشتنامەی لێكگەیشتن لە سێكتەرەكانی بونیادنانەوە و خزمەتگوزاری و بازرگانی و پیشەسازی واژوو دەكات، بە تایبەت لە پڕۆژەی گەورەی رێگەوبان و گواستنەوە، خزمەتگوزاری گشتی، خوێندن و تەندروستی و هی تریش.

راوێژكاری سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو كە جگە لە چین، ئەوا لە بەرنامەی عادل عەبدولمەهدیدایە سەردانی ئەمەریكاش بكات بۆ واژووكردنی چەندان گرێبەستی گەورە لەگەڵ كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل و جی ئەی و ژمارەیەك كۆمپانیای تر.

هەوڵەكانی عادل عەبدولمەهدی بۆ بووژانەوەی ئابووری عێراق و بەستنی پێوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان، لە كاتێكدایە پێشتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق لەوانەی ئێران، توركیا، سعوودیە، ئوردن و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، هەمان سەردانی كردووە و چەندان رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنیان واژوو كردووە.

هاوكات سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ چین لە كاتێكدایە پێشتر لە مانگی نیسانی رابردوو شاندێكی باڵای حزبی شیوعی دەسەڵاتدار سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی بەشداری وڵاتەكەیان كرد لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش.


وشە - فه‌رمان سادق