له توونس هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن راگیرا، بۆ ئه‌وه‌ى سبه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ده‌ست پێ بكات كه به دووه‌م تاقیكردنه‌وه‌ى دیموكراسى داده‌نرێت له‌م وڵاته‌دا.
ئه‌مڕۆ له سه‌رانسه‌رى توونس بێده‌نگى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن راگه‌یانرا كه زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك بوو ده‌ستى پێ كردبوو. میدیاكانى عه‌ره‌بى و دنیا به گرنگییه‌وه سه‌یرى هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كه‌ن، چونكه یه‌كه‌مجار راپه‌ڕینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌م وڵاته‌د سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌مه دووه‌م جاریش سه‌رۆكى وڵاته به هه‌ڵبژاردن دێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بۆیه چاودێرانى سیاسى و به‌رپرسانى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ند رۆژێكه هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى توونس به دووه‌م تاقیكردنه‌وه‌ى دیموكراسى وه‌سف ده‌كه‌ن.
كاندیده‌كان كێین؟
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه سه‌ره‌تا نزیكه‌ى 100 كه‌س داواى خۆكاندیدكردنیان پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توونس كردبوو، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نه‌كه ته‌نیا 26 كه‌سى له‌و كاندیدانه قبووڵ كرد، ئه‌مه‌یش هه‌مان ئه‌و ژماره‌یه كه له هه‌ڵبژاردنى 2014 كێبه‌ركێیان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى توونس ده‌كرد.
له ناو 26 كاندیدهكهیش كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى باڵاى وڵاته‌كه هه‌ن، له‌وانه دوو سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو و یوسف شاهید كه سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێسته‌یه.
هه‌شت له كاندیده‌كان به شاهیدى سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه له سه‌ركرده‌كانى حزبى نیداى توونسن، كه هه‌مان پارت بوو له هه‌ڵبژارنى سه‌رۆكایه‌تى 2014 براوه بوو. ئه‌م حزبه له ماوه‌ى رابردوودا تووشى چه‌ندان كێشه‌ى ناوخۆیى بووه، ئێسته‌یش پاڵپشتى عه‌بدولكه‌ریم زه‌یدى ده‌كه‌ن كه پێشتر وه‌زیرى به‌رگریى توونس بووه.
هه‌روه‌ها دوو ژن خۆیان كاندید كردووه، یه‌كێكیان ناوى عه‌بیر مووسایه كه پڕۆژه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئیسلامییه‌كانى راگه‌یاندووه و لایه‌نگرى رژێمى پێشووه، ئه‌وی تریشیان سه‌لما لۆمییه كه وه‌زیرى پێشووى گه‌شتیارى بووه و ماوه‌یه‌كیش به‌رپرسى دیوانى سیاسى سه‌رۆكى پێشوو بووه. به‌ڵام ده‌نگۆى ئه‌وه هه‌یه سه‌لما له به‌رژه‌وه‌ندى عه‌بدولكه‌ریم زوبه‌یدى بكشێته‌وه و شه‌وى رابردوو دوو كاندیدى تریش له به‌رژه‌وه‌ندى زوبه‌یدى كشانه‌وه.
كێ به‌ختى بردنه‌وه‌ى هه‌یه؟
به‌گوێره‌ى ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كرێت تا ئێسته هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كرایه‌وه، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ ناڕۆشنى له‌لای توونسییه‌كان هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كێ بۆ سه‌رۆكى وڵات هه‌ڵبژێرن.
ئه‌وه‌ى جێى سه‌ره‌نجه ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامدانى هه‌ر راپرسییه‌كى قه‌ده‌غه كردووه كه پێشبینى ده‌رچوونى كاندیدێكى دیاریكراو بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێران و شاره‌زایان پێشتر پێشبینییان ده‌كرد نه‌بیل قهرهوى ده‌ربچێ كه یه‌كێك له پیاوه دیاره‌كانى راگه‌یاندن، كه‌چى به‌ر له ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژادرن قهرهوى به تۆمه‌تى سپیكردنه‌وه‌ى پاره گیراوه.
چاودێران ئاماژه بۆ دوو كاندیدى تر ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان یوسف شاهیدى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ویتریش عه‌بدولكه‌ریم زوبه‌یدییه كه پێشتر وه‌زیرى به‌رگرى بووه.
كێ ده‌نگ ده‌دات؟
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاو كراونه‌ته‌وه، یه‌كه‌م جاره له توونس ئه‌و خه‌ڵكه زۆره مافى ده‌نگدانیان هه‌بێت، كه ژماره‌یان ده‌گاته حه‌وت ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س زۆرینه‌ى ئه‌و دهنگدهرانهیش له ژنان و لاوانن. ئه‌نجوومه‌نى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكراى كردووه، 63%ى ده‌نگده‌ران له ژنان و لاوانن، به‌ڵام مه‌ترسى هه‌یه لاوان به‌شدارى نه‌كه‌ن، چونكه له هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كانى توونس كه له ناوه‌ڕاستى 2018 به‌ڕێوه چوو، %65ی گه‌نجان به‌شدار نه‌بوون، ئه‌مه‌یش به‌لاى به‌رپرسانى توونس جێى سه‌رسوڕمان بووه.
كه‌ى سه‌رۆكى نوێ راده‌گه‌یه‌نرێت؟
سه‌ره‌تا ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توونس 17ى تشرینى دووه‌مى دیار كردبوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى، به‌ڵام مردنى سه‌رۆك باجى قاید سهبسى له 25ى ته‌مووزى رابردوو وایكرد ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه پێش بخرێت، بۆ 15 ى ئه‌م مانگه واته سبه‌ى یه‌كشه‌م 15ى ئهیلوول هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كرێت.
به‌پێى ده‌ستوورى توونس، له كاتى مردنى سه‌رۆكى وڵات، ده‌بێت له ماوه‌ى 90 رۆژ سه‌رۆكێك بۆ وڵات هه‌ڵبژێردرێت، ئه‌م داوایه‌یش له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت و خۆیشى بۆ تا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك به‌شێوه‌یه‌كى كاتى ده‌بێته سه‌رۆكى وڵات.
ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك له توونس چییه؟
سیستمى سیاسیى توونس تێكه‌ڵه له په‌رله‌مانى و سه‌رۆكایه‌تى، بۆیه ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى وڵات سنوورداره، ته‌نیا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى له بوارى ئاسایشى نیشتمانى و به‌رگرى و پێوه‌ندى ده‌ره‌وه هه‌یه و هه‌روه‌ها مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه پڕۆژه یاسا بداته په‌رله‌مان.
توونس له‌دواى سه‌ربه‌خۆیى له 1957 به‌ناو سیستمى كۆمارى بوو به‌ڵام راستییه‌كه‌ی دیكتاتۆرى بوو، حه‌بیب بورقیبه له‌و كاته‌وه تا 1987 سه‌رۆكى وڵات بوو، به‌ڵام له ساڵى 1987 له‌لایه‌ن زه‌ین عابدین بن عه‌لى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادرا، بن عه‌لیش تا ساڵى 2011 سه‌رۆكى وڵات بوو. كه‌چى له دواى راپه‌ڕینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له ساڵى 2014 توونس یه‌كه‌م سه‌رۆكى خۆى به هه‌ڵبژاردن هێنایه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش باجى قاید سهبسى بوو، له 25 تهمووز رابردوو كۆچى دوایى كرد.