کونجیی دێرەلووک و شێلادزێ رکابەریان نییە

:: PM:01:56:14/09/2019 ‌

ئەمساڵ لە سنووری هەردوو شارەدێی دێرەلووك و شێلادزێ‌ 600 دۆنم زەوی بە كونجی چێنراوە، بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەرهەمی كونجی باشترە، بەشی هەرە زوری كونجییەكانیش هەر لە ئامێدی دەفرۆشرێ‌ چونكە نزیكەی 20 كارگەی تەحینی لێیە.

مستەفا كەكەری، هاووڵاتییەكی شێلادزێیە و وەک بۆ "وشە"ی باس دەکات، ئەمرۆ ئەوان بە شێوازی هەرەوەزی دەستیان بە كۆكردنەوە و چینینەوەی كونجی كردووە.

روونی دەکاتەوە، ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەرهەمی كونجی باشترە، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەمساڵ بارانێكی زۆر باریوە و ئاو زۆربووە و ئافەتی دەغڵودانیش كەمتر بووە، ئێمە هیواخوازین بازاڕیش باش بێت بۆ ئەوەی ماندوبوونمان بە فێرۆنەچێت.

ئەمین هاریكی هاووڵاتییەكی گوندی هاریكایە و كونجییەکی زۆری چاندووە، بۆ وشە دەڵێ، كونجی یەكێكە لە بەرهەمە هاوینییەكان و پێویستی بە ئاوێكی باش هەیە، لە گوندەكەمان رێژەیەكی زۆری كونجی چێنراوە و ئێستە هاتۆتە بەر و رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی چنینەوەی كونجین، تا ئێستە نازانین بازاڕی ئەمساڵمان چۆن دەبێت، بەڵام بەپێی ئاماژەکان پێدەچێت بازاڕمان باش بێت، چونكە لە سنووری شارۆكەی ئامێدی كارگەی زۆری كونجی هەیە و پێویستییان بە کونجییە بۆ درۆستكردنی تەحین.

هاوکات ئەندازیار ستار خورشید، راوێژكاری كشتوكاڵ لە بنكەی راوێژكاری كشتوكاڵی دێرەلووك بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ لە سنووری بنكەی راوێژكاری كشتوكاڵی دێرەلووك كە شارەدێی شێلادزێ‌ و دێرەلووك لەخۆ دەگرێت، نزیكەی 600 دۆنم زەوی بە كونجی چێنراوە.

دووپاتی دەکاتەوە، كونجی یەكێكە لە بەرهەمە خوماڵییەكانی سنووری شارەدێی دێرەلووك و جووتیاران گرنگییەكی زۆر پێ‌ دەدەن، گونجی بازاڕی گەرمە و هۆكارەكەش پێوەندی بە هەبوونی ژمارەیەكی زۆری كارگەی تەحین هەیە، بۆیە بەشی هەرە زۆری كونجی هەر لە بازاڕەكانی ناوخو دەفرۆشرێت.

لە سنووری شارۆكەی ئامێدی نێزیكەی 20 كارگەی دروستكردنی تەحین هەیە، تەحینی ئامێدی بە تاموچێژێكی خۆش لە كوردستان و پارێزگای دهۆك ناسراوە، چونكە لە بە دار دەیکوڵێنن و بە ئاوی رووبارەكان و لەسەر بەردی گەورە دەهارێت.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری































وشە - هیدایه‌ت جان