رووسیا: جەنگ لە سووریا كۆتایی هاتووە

:: PM:02:04:14/09/2019 ‌
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێ، جەنگ لە سووریا كۆتایی هاتووە و ئەو وڵاتە لە قۆناغی گەڕانەوەدایە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمەریكا و توركیا ناوچەی ئارامیان لە باكوری سووریا خستە بواری جێبەجێكردن و هێشتا ئیدلب و چەندان ناوچەی تریش لە دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆندان.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، جگە لە بوونی چەند تەق و تۆقێك لە ناوچەیەكی دیاریكراودا، جەنگ لە سووریا كۆتایی هاتووە و ئەو وڵاتە بەرەو گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ هەنگاوی هەڵگرتووە.

 وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ترود)ـی رووسی، ئاماژەی بەوە دا جگە لە ئیلب و رۆژهەڵاتی فوڕات كە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا نین، ئیتر جەنگ لە سووریا كۆتایی هاتووە و ئێستە پرسی گەیاندنی خزمەتگوزارییە مرۆییەكان پێشەنگی كارەكانن، هاوكاتی ئەویش هەنگاونان بۆ سەقامگیری پرۆسەی سیاسی، بۆ ئەمەش پێویستە پرسی پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بكرێتە كاری لە پێشینە كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە سووریا.

زیاتر گوتی "رووسیا بەشێوەیەكی گشتی كار لەسەر گەڕانەوەی سووریا وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری دەكات، كاری لەسەر گەڕانەوەی تەواوی سوورییەكان بۆ وڵاتەكەیان و سەركەوتن بەسەر تیرۆر دەكات".
 
 قسەكانی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كاتێكدایە لە كۆتایی مانگی رابردوودا ئەمەریكا و توركیا لەسەر ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا گەیشتنە رێككەوتن و هەفتەی رابردووش یەكەم تیمی گەڕۆكی هێزی هاوبەشی هەردوو وڵات لە توركیایەوە پەڕینەوە باكوری سووریا، ئەمەش نیگەرانی لای رژێمی ئەسەد لێ كەوتەوە و بە پێشێلكاری دژ بە سەروەری خاكی سووریای ناساند، هاوكات تا دێت رژێمی ئەسەد گوشارەكانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی لە ئیدلب و دەوروبەری زیاتر دەكات، ئەمەش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی مەترسیداری لێ دەكرێت.


وشە - فه‌رمان سادق