گردبوونەوەیەك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكان بەڕێوە دەچێت

:: PM:02:06:14/09/2019 ‌

بەردەوام پاڵەپەستۆ دەخرێتە سەر پەرلەمان و حكوومەت بۆ ئەوەی مووچەی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی سێشەم لەبەردەم بینای پەرلەمان گردبوونەوەیەك ڕێك دەخرێت و یاداشتێك ئاراستەی پەرلەمان و حكوومەت و رای گشتی دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، عەلی سیاسی یەكێك لە ڕێكخەرانی گردبوونەوەکە بە "وشە"ی راگەیاند،  ئێمە بۆ ئەوە پاڵەپەستۆ دەخەینەسەر حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی مووچەی پلەباڵاكان و ئەندامانی پەرلەمان و بودجەی پارت و لایەنە سیاسییەكان كەم بكرێتەوە، چونكە لە هیچ شوێنكی دنیا شتی وانییە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بودجەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵانی ڕابردوو بۆیان دابین كراوە بە 1.4% بودجەی كوردستان بووە، یەك بە دە زیاترە لەو بودجەی توركیا بۆ پارت و لایەنە سیاسییەكانی دابینی كردووە.

عەلی سیاسی ئەویشی خستەروو، لە ساڵانی ڕابردوو ئێمە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانیشتبووین داوامان كردبوو كە مووچەی هەموو پلەباڵاكان و ئەندامانی پەرلەمان كەم بكرێتەوە، ئەوەبوو پڕۆژەیاسای چاكسازی پێشكەشی پەرلەمان كرا و پەسند نەكرا، بە هیواین ئەم خولەی پەرلەمان ئەو پڕۆژانەی تایبەت بە چاكسازین پەسندی بكات.

لە كابینەی هەشتەم پڕۆژە یاسای چاكسازی ڕەوانەی پەرلەمان كرا و بەهۆی گرفت لە بڕگە و مادەیەك پڕۆژەكە پەسند نەكرا و گەڕێنرایەوە بۆ حكوومەت، كابینەی نۆیەمی حكوومەتیش خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكە بۆ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی.



وشە - زریان تەها