كاروباری مەرزەكان ڕێكدەخرێتەوە

:: PM:02:22:14/09/2019 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەوڵێك بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری مەرزەكان هەیە، بەمزووانە لە ڕێی لیژنەیەكەوە بۆ ڕێكخستن سەردانی مەرزەكان دەكرێ‌.

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك مەرزی نێودەوڵەتی و لاوەكی هەن كە بەردەوام جوووڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ تێدایە، بەڵام تا ئێستە گومان لەسەر كارەكانی ئەو مەرزانە هەیە، بەجۆرێك داهات و ڕێوشوێنەكان بە ڕوونی دیار نەكراوە.

سەعید هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاداشتێك لە پەرلەمانی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی كاروباری مەرزەكان ڕێكبخرێتەوە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ ڕێكخستنەوەی كارەكانیان پێكبهێنرێ‌.

ڕوونی كردەوە كە كاری مەرزەكان پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی زیاتر شەفاف بكرێن و سوودی گرنگتر بگەیەنن.

پەرلەمانتارەكە ئاماژەی بەوە كرد، تا بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی مەرزەكان نەكەین، نازانین بە چ میكانیزمێك ڕێك دەخرێنەوە و دواتر هەنگاوەكان دیار دەكرێن.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم