پۆلیسی فیدڕاڵی بووەتە مۆتەکەی خەڵکی داقوق

:: PM:03:05:14/09/2019 ‌

ماوەیەكە پۆلیسی فیدڕاڵی لە داقوق بەربۆتە گیانی هاووڵاتییان و بەزۆر سەرانە و بەرتیل لە خەڵكی وەردەگرێ، پاش سكاڵای هاووڵاتییان بڕیار بوو دۆسیەی تەناهییان لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام حكوومەتی ناوەند سەرباری بڕیاری وەرگرتنەوەی دۆسیەکە لەو هێزە و سپاردنی بە سوپا، لە بڕیارەكەی پەشیمان بوویەوە.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، هیوا رەشید بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقوقی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر سكاڵا و داواكاری هاووڵاتییان و پاش بێزاركردنی خەڵكی داقوق و دەوروبەری، حكوومەتی ناوەند كۆتایی هەفتەی رابردوو بڕیاریدا دۆسیەی تەناهی داقوق و گوندەكانی دەوروبەری لە پۆلیسی فیدڕاڵی وەربگرێتەوە و بە سوپای بسپێرێت، ئەوەش مایەی دڵخۆشی هاووڵاتییان بوو، بەڵام ئەمڕۆ رۆژێك پێش ئەوەی بڕیارەكەی جێبەجێ بكرێت، حکوومەت لەو بڕیارە پەشیمان بۆتەوە.

زیاتر روونی کردەوە، لیوای 19ی پۆلیسی فیدڕاڵی تەنیا لە نەتەوەی عەرەب پێكدێت، بەڵام هێزی سوپا لە نەتەوەی جیاواز پێك هاتووە بۆیە بڕباربوو لیوای 52 ی سوپای عێراقی بێتە ناوچەكە چونكە بەهۆی بوونی پێكهاتەی نەتەوەی جیاواز باشترە.

"لە كووشتنی خەڵك و بەرتیل وەرگرتن لەخەڵك و چاوسوركردنەوە لەخەڵك و رفاندنی خەڵك بەردەوامن،بەجۆرێك پارەوسەرانە لەكەسانی خاوەن سەرمایە وەردەگرن" هیوا رەشید وای گوت.

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقوقی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، لیوای 52ی سوپای عێراقی لە عەرەبی شیعە و سوننە و توركمانە و ژمارەیەک كوردیشیان تێدایە، بۆیە بڕیاری ناردنیان بۆ سنووری داقوق راگیراوە.

شێخ محەمەد جبور وەك كەسایەتییەكی ناوچەكە بۆ"وشە" ئاماژەید، بڕیاری گۆڕێنی پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ سوپا جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییان بوو، پاشگەزبوونەوەی ئەو بڕیارەیش خەڵكی نیگەران كردوە.

داقوق دەکەوێتە سنووری مادەی 140 و مانگی رابردوو توركمانەكانی ئەو سنوورە لە خۆپێشاندانێكدا داوایان كرد دۆسیەی تەناهی سنووری داقوق تەنیا بدرێتە دەست سوپای عێراقی.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان