پەرلەمان 70 بڕیاری حزبی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە

:: PM:03:27:14/09/2019 ‌
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی دەركردنی یاسای راژەی حكوومیدایە. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، ئەو یاسایە لە ئەولەویەتی كارەكانی پەرلەماندایە و بەهۆیەوە ژمارەیەك یاسا و 70 بڕیاری حزبی بەعسیش هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، چەندان پرس تاوتوێ كران، لەوانەی پرسی دەركردنی یاسای راژەی حكوومی.

حوسێن عقابی پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی دەڵێ، هەوڵی رژد هەیە بۆ نووسینەوەی پڕۆژە یاسای راژەی حكوومی، ئەمەش لە پێشینەی كارەكانی ئەو خولەی پەرلەمان دەبێت، گوتی "بە دەرچوواندنی ئەو یاسایە، ئەوا یاسا پێوەندارەكان بە راژەی حكوومی و 70 بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، رەت دەكرێنەوە".

زیاتر گوتی "پەرلەمان ژمارەیەك پڕۆژە یاسای خستووەتە كارنامە كە بە ئاراستەی یەكسانی لەنێوان هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبێت، هاوكات كێشەی رۆتینیش چارەسەر دەكات، لەوانە پڕۆژە یاسای راژەی حكوومی كە كۆمەڵێك پرس بەخۆیەوە گرێ دەدات".

جێی باسە ئەمڕۆ دانیشتنەكانی وەرزی یەكەمی خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق دەستی بە كارەكانی كرد، چاوەڕوان دەكرێت جگە لەو پڕۆژەیە یاسایە، چەندان پڕۆژەی تر كە پێشتر مشتومڕی لەسەر هەبووە بخرێنە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.


وشە - فه‌رمان سادق