پەرلەمان چاوەڕێی ڕێككەوتنێكی تری لایەنە سیاسییەكان دەكات

:: PM:03:52:14/09/2019 ‌
بڕیاربوو دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پۆستی دەستەكانی سەر بە پەرلەمان لە ناویاندا (دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی مافی مرۆڤ و دەستەی دەسپاكی) یەكلا بكرێنەوە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.

محەمەد ئیلخانی سەرۆكی فراكسیۆنی گەشەپێدانی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكلاكردنەوەی ئەو دەستانە پێویستی بە ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و پێویستە دوای ڕێككەوتنی ئەوان پەرلەمان ئەو پۆستانە یەكلا بكاتەوە.

ڕوونی كردەوە كە ماوەی یاسایی ئەو دەستانە تەواو بووە، ئەو حزبانەی پێكهێنەری حكوومەتن لەسەر ئەو پۆستانە ڕێكدەكەون و دواتر بۆ دەنگدان ناوەكان دەنێرنە پەرلەمانی كوردستان.

لەلایەكی ترەوە سەعید هەركی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی دەستەكان چاوەڕێی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەكەین، چونكە ئەوان ئەو پرسە یەكلا دەكەنەوە.

هەروەك دووپاتی كردەوە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پرسە لە پەرلەمانی كوردستان یەكلا دەكرێتەوە.



وشە - تایبه‌ت