عوسمان بانیمارانی: بەبێ‌ پرس ناوم وەك ئەندامی سەركردایەتی یه‌كێتى بڵاو كراوەتەوە

:: PM:04:28:14/09/2019 ‌
هەفتەی ڕابردوو بە بڕیارێكی كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێنج كەس لە ناویاندا عوسمان بانیمارانی كران بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەو بڕیارە كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە و بە پۆست بەخشینەوەی پێش كۆنگرە دانرا.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، عوسمان بانیمارانی ئەندامی نوێی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئاگاداری بڵاوكردنەوەی ناوەكەی نەبووە وەك ئەندامی سەركردایەتی و بەبێ‌ پرسی ئەو ناوەكەی بڵاو كراوەتەوە و گوتی، "برادەران پێیان باش بووە بڵاوی بكەنەوە".

ڕوونی كردەوە ئەو لەگەڵ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی پۆستی ئەندامی سەركردایەتی ڕەت كردووەتەوە و داوای كردووە تا بەستنی كۆنگرە هیچ پۆستێكی پێ نەدرێ‌.

لەبارەی ئەو ناڕەزاییانەی بەهۆی ئەوەوە دروست بووە كە پێش كۆنگرە كراوەتە ئەندامی سەركردایەتی، بانیمارانی گوتی، ئاساییە، هەركەسێك پڕۆژەی هەیە دەتوانێ‌ لە كۆنگرە باسی بكات و ناڕەزایی ئێستە باش نییە.

عوسمان بانیمارانی پێشتر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو، ساڵی 2009 وازی لە یەكێتی هێنا و بووە گۆڕان، دواتر جارێكی تر گەڕایەوە ناو یەكێتی و ئێستە كراوەتەوە ئەندامی سەركردایەتی.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم