راپۆرتێك: سەرانی داعش لە بەرانبەر پارە بەرەو ئەوروبا بردراون

:: PM:06:16:14/09/2019 ‌

كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی ئەمەریكایی ئاشكرای دەكات كە دەیان ئەندام سەرانی باڵای رێكخراوی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانیتر بە پارە لەلایەن تۆڕەكانی قاچاغی مرۆڤ لە یۆنانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بردراون.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە پەیامنێرێكی لە كاتی لێكۆڵینەوە لە ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەندام سەرانی باڵای داعش لە سووریا و عێراق و توركیا، ئەو سەردانی یۆنانی كردووە و لەوێ چاوی بە ئەندامانی تۆڕێكی قاچاغ كەوتووە لەوانە كەسێكی خەڵكی باكوری ئەفریقیا بەناو "رەئیس"، كە دەستی هەبووە لە بەقاچاغبردنی سەتان هەزار كەس.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە پەیامنێرەكەی ئەو كەناڵە ئەمەریكییە چاوی بە بێوەژنێكی داعش كەوتووە و ویستوویەتی بگەڕێتەوە وڵاتەكەی خۆی لە ئەوروپا و ئەو تۆڕانەش داوای هەشت هەزار دۆلاریان لێی كردووە لە بەرانبەر گواستنەوەی بەرەو ئیتاڵیا و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.

پەیامنێری كەناڵەكە دەڵێت پرۆسەیەكی گەورەی گواستنەوەی قاچاغی مرۆیی لە یۆنان هەیە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، ئەوان بەڵگەنامەی ساختە و دزراو بەكار دێنن، لەوانە ئەو كەسە كە خۆی وەك سەرپەرشیاری تۆڕێك ناساندووە دەڵێت سێ برای ئەبو موسعەب زەرقاوی گەورە تیرۆریستی بەرەو ئەوروپا گواستووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل