دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كوژرانی حەمزە بن لادن، كوڕی سەركردەی كوژراوی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەی راگەیاند، كە پێشتر هەواڵەكان بێ دەەپاتكردنەوە باسی كوژرانی ئەو كوڕەی بن لادنیان دەكرد كە بەهێزترین كاندید بووە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی ئێستەی رێكخراوەكە.
وەك ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردووەتەوە، ترەمپ روونی كردەوە كە حەمزە بن لادن لە كردیەكی ئەمەریكی بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەیەكی ئەفغانستان یان پاكستان كوژراوە و رای گەیاند كە كوژرانی تەنیا رێكخراوەكە لە سەركردایەتی ئەو وەك كوڕی بن لادن بێبەش ناكات، بەڵكو چالاكییەكانی رێكخراوەكە لاواز دەكات، چونكە ئەو بەرپرس بووە لە پلاندانان و مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپەكانیتری تیرۆریستی.
پێشتر راپۆرتەكانی راگەیاندنی ئەمەریكی لە حوزەیرانی رابردوو باسی كوژرانی حەمزەیان كرد بەپشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری ئەمەریكا، شایەنی باسە گریمان دەكرێت كە حەمزە تەمەنی لە دەوروبەری 30 ساڵ بێت و ئەو پێشتر تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە و داوای تۆڵەسەندنەوەی لە ئەمەریكا كرد بەوەی باوكی كوشتووە كە لە كردەیەكی تایبەتی ئەمەریكایی لە پاكستان لە 2011 هاتە كوشتن.