لە رێگەی خۆراكەوە خۆت لە كێشەی هەرسكردن رزگار بكە

:: PM:08:28:14/09/2019 ‌

نزیكەی زۆرینەی خەڵك بە شێوەیەك لە شێوەكان بەدەست كێشە لە كۆئەندامی هەرس دەناڵێنن، بۆیە دەتوانرێن بە باوترین كێشەكانی مرۆڤ دابنرێت و پێویست بە چارەسەری دەكات، زیاتر لە 10 ملیۆن كەس لە دنیا بای سك و ئاوسانی سكیان یان قەبزی و سكچوون و سووتانەوەی گەدە بووەتە شتێكی باو. ئەو كاتەی پزیشك هۆكارەكەی نازانێت بەو حاڵەتە دەگوترێت شێوانی كاری كۆئەندامی هەرس، واتە هۆكارێكی دیاریكراو نییە.

رۆبەرت هێرتن پزیشكی هەناو لە كۆلێجی ئیكانی پزیشكی لە نیویۆرك دەڵێت، زۆرجار ئەگەر نەتوانین هۆكاری ئەو حاڵەتانە بدۆزینەوە، رەنگە گۆڕینی سیستەمی خۆراك یاریدەر بێت بۆ باشتربوون، لەو كاتەی میلیسا فیلیبس شارەزای خۆراك دەڵێت، سەرەڕای پێویستبوونی حاڵەتەكە بە پزیشك، بەڵام 80%ی نەخۆشان سوودیان لە گۆڕین و رێكخستنەوەی سیستەمی خۆراكیان بینیوە.  

بۆ باشتركردنی سیستەمی خۆراك و نەهێشتنی كێشەكانی هەرس بە ئاسانترین شێوە دەتوانرێت ئەوانە بكرێت:

*زیادكردنی ریشاڵەكان لە خۆراك وەك سەوزە و میوە و دانەویڵەی تەواو و پاقلەمەنی كە پێویستە رۆژانە 25-30 گرام ریشاڵ بخوورێت بۆ چارەسەركردنی كیچشەكانی سكچوون و قەبزی. ریشاڵەكان دوو جۆرن ئەوانەی دەتوێنەوە و ئەوانەی ناتوێنەوە، جۆری یەكەمیان سوودی بۆ دابەزاندنی كۆلیسترۆل و شەكرە هەیە وەك لە شۆفان و سێودا هەیە، دووەم بۆ قەبزی باشە وەك لە گەنم و گەنمەشامی و و سەوزە و میوەدا هەیە. 

*پرۆبیۆتیكی سروشتی، ماست و شیر و خۆراكە ترشاوەكانیتر وەك تورشی یارمەتی زیادكردنی بەكتریا سوودبەخشەكان دەدەن.

*هیواشبوونەوە لە خواردن، پێویستە خۆراك بە جوانی لە دەمدا بجوویت كە قوتدانی ئاسانتر دەكات.

* خۆراكی تەندروست و گونجاو لەگەڵ گەدە، هەندێك كەس هەن خۆراكی تەندروست دەخۆن وەك قەنابیت و گازۆ و نیسك و پیاز و خۆخ و گەنم، ئەوانە گاز دروست دەكەن و سك هەڵدەئاوسێنن، چونكە كاربۆهیدراتی تیایاندایە بە زەحمەت هەرس دەكرێت. بۆیە پێڕەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی كەم كاربۆهیدارات دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی قۆڵۆنی دەمارگیری و بۆ ئەوانەش باشە كە بەدەست سكچوون یان قەبزییەوە دەناڵێنن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل