ڕووه‌كێكی سه‌رسووڕهێنه‌ر

:: PM:08:34:14/09/2019 ‌

هێل كە وەك یەكێك لە بەهاراتەكان لە چێشتخانەی زۆربەی ماڵێكدا هەیە و بە زۆری لەگەڵ چا یان شیرینییەكان دەخورێ، چەندان سوودی هەیە و توێژەران هەموو جارێك كە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن، سوودی نوێی لێ دەدۆزنەوە، بەتایبەتی بۆ پاككردنەوەی جەستە لە میكرۆب.

گەلێك پێكهاتەی گرنگ لەناو هێلدا هەیە، بە كوڵاندنیش ئەم پێكهاتانە لە دەست نادات. تێكەڵكردنی هێل لەگەڵ قاوە یان لەگەڵ چادا سوودی هەیە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل و كەمكردنەوەی ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. 

چالاكی دژی بەكتریای هەیە بەتایبەتی ئەو بەكتریایانەی كە لەناو دەمدا دەژین و دەبنە هۆی هەوكردنی پووك و ناوپۆشی دەم، پاراستنی ددانەكان لە نیشتنی چینی كلس لەسەریاندا. 

جگە لەوەی كە خواردنی هێل ڕۆڵی هەیە بۆ سافكردن و پارێزگاریكردن لە جوانی پێست بەتایبەتی لە كەسانی خاوەن پێستی ناسك و هەستیاردا، ڕۆڵی بەرچاویشی هەیە بۆ پاراستنی پێست لە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشی كە لە تیشكی خۆردایە، هەروەها بۆ پاراستنی پێست لە تووشبوون بە چەندان نەخۆشی بەسوودە.

 دژی ئەو جۆرە كەڕووەی پێست كار دەكات كە دەبێتە ئەگەری كرێژ یان توێشك لە پێستی سەردا. 

جگە لەمانە، هێل پارێزگاری لە پێست دەكات و تەڕی دەكاتەوە و نایەڵێ تووشی زوو پیربوون ببیت.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە كە زیاد خواردنی بڕی زۆری هێل، لەوانەیە زیان بە شانەكانی ناوپۆشی گەدە بگەیەنێت بە شێوەی سووتانەوە و داڕووشان، هەروەها نابێت كە هێل لەناو قوتووی پلاستیكدا هەڵبگیرێت.



وشە - كوردۆ شابان