پەرلەمانتارێك: ڕێككەوتنی سێ ساڵی باشترینە ئەگەر هەولێر و بەغدا پێی بگەن

:: PM:10:56:14/09/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حكو,مەتی هەرێم دەیەوێت پێش تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو پرسی ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق بەغدا یەكلا بكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە، چاوەڕێ دەكەین شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆكان بەرەو پێش بچن.

ئەمڕۆ شەموو شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، چاوەڕێ دەكەین ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆكان بەرەو پێش بچن، ئەم سەردانە زۆر گرنگ دەبێت، چونكە پێش پڕۆژە یاسای بودجە دەبێت.

زیاتر گوتی، حكوومەتی بەغدا دەیەوێت پڕۆژەی یاسا بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادە بكات، هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكات و كۆتایی بەم گرفتە بێنێت مەبەستی هەرێم ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغدا، ئەگەرنا ئەو سەردانەیان ئەنجام نەدەدا بۆ بەغدا.

میرزا ئاماژەی كرد، هەرێمی كوردستان سوودێكی زۆر دەبینێت ئەگەر ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا بكات، چونكە بودجە و مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەبێت و پرسی ڕێككەوتنی سێ ساڵی كە باس دەكرێت، باشترین كار دەبێت ئەگەر حكوومەتی هەرێم بیكات لەگەڵ بەغدا.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی روونی كردەوە، چاوەڕێ دەكەین ئەو سەردانە بكرێت و گفتوگۆكان بە ئاراستەی باشبن، هەردوولا ئارەزووی نزیكبوونەوەیان هەیە و بژارەكان ئەوەیە هەرێم بە چەند مەرجێكی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بكات و بەغداش مەرجی خۆی دەبێت تا ئەوكاتەی شاندەكە سەردانی بەغدا دەكەن، بەرچاو ڕوونیمان نییە لەسەر گفتوگۆكان.

چوارشەمی هەفتەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا و بڕیار درا ئەم هەفتەیە شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی ڕێككەوتنی نێوانیان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل