ئاوارەكان دووبارە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان

:: AM:09:39:15/09/2019 ‌
نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری هۆی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكانە

لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، نزیكەی 20 هەزار ئاوارە دووبارە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و لە كەمپ و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمەكە نیشتەجێ بوونەتەوە. لایەنە پێوەندیدارەكان باس لەوە دەكەن كە نالەباری دۆخی تەناهی و نەبوونی خزمەتگوزاری، هەروەها جموجووڵی داعش، هۆی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكانن.

لە دوای 2003ـەوە هەرێمی كوردستان بووەتە لانەی ئەو عێراقییانەی بەهۆی كێشەی مەزەوی یان سیاسیی و شەڕی ناوخۆیی ناوچەكانیان جێدێڵن، بەڵام لە 2014ـەوە ملیۆنان هاووڵاتییان ناوەڕاستی عێراق بەتایبەت مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین و دیالە و رۆژئاوای كەركووك، بەهۆی داگیركاری داعشەوە، ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون. دوای 2018 بەشێكیان گەڕانەوە زێدی خۆیان، بەڵام ماوەیەكە دیسان ئاوارە دەبنەوە.

هۆشەنگ محەمەد بەرپرسی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، تەنیا ساڵی 2018 زیاتر لە 11 هەزار ئاوارە لە ناوچەكانی مووسڵ و دەوروبەری گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دووبارە ئاوارە بوونەتەوە.
هۆكارەكەشی وەك هۆشەنگ دەڵێ "زیاتر خراپی و شێواوی دۆخی تەناهی ئەو ناوچانەیە كە تا ئێستە ئارام نین و تەناهیی بۆ دابین نەكراوە".

لە ماوەی ئەمساڵ 2019یشدا زیاتر لە حەوت هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ئەو ئاوارانەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ، نزیك دەبێتەوە لە 20 هەزار ئاوارە و هاتنیشیان بەردەوامی هەیە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە، ڕۆژانە ژمارەیەك خێزانی ئاوارە دێنەوە هەرێم.

بە بۆچوونی بەرپرسی قەیرانەكان، "جگە لەلایەنی تەناهی، هۆكارەكانی تری گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری و بەدەمەوەنەچوونی حكوومەت و ڕووخانی خانوو و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان و نەبوونی كار دەگەڕێتەوە".

زۆرینەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كەوتنە پارێزگای دهۆك و ژمارەیان نزیك بووەوە لە یەك ملیۆن كە زۆرینەیان ئێزدییەكانی شنگال بوون و تا ئێستەیش 80%ی نەگەڕاونەتەوە ناوچەكەی خۆیان". 

دیندار زێباری بەرپرسی كاروباری ئاوارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، مانگانە ژمارەیەك خێزان كە پێشتر لە هەرێمەوە گەڕابوونەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئێستە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە كەمپەكان و لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم نیشتەجێ دەبن.

ئەوەیشی گوت، گەڕانەوەی ئاوارەكان چەند هۆكارێكی هەیە، لە گرنگترینیان خراپی دۆخی تەناهیی ئەو ناوچانەی بەناو ئازاد كراون، هەروەها بوونی شانە نوستووەكانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق، ئەوانەی گەڕاونەتەوە ترسێكی زۆریان هەیە بۆیە ئاوارەییان پێ باشترە و شوێنی خۆیان بەجێدێڵن و دێنەوە هەرێم، چونكە دەزانن شوێنێكی ئارام و بێ كێشەیە.

هۆكارێكی تری گەڕانەوەی ئاوارەكان بەبۆچوونی زێباری، بێسەروبەری و نەبوونی خزمەتگوزارییە لەو ناوچانەی پێشتر داعشیان تێدا بووە. چونكە وەك دكتۆر دیندار گوتی "ئەو ناوچانە هەموویان وێران بوون كاتی شەڕ و ئێستەیش خزمەتگوزارییان نییە، شوێنێكیش خزمەتگوزاری نەبێت، كەڵكی ژیانی تێدا نییە".

دووپاتیشی كردەوە "زۆرترین ئەو ئاوارانەیش كە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دانیشتووانی مووسڵ و دەوروبەرین".
لە هەرێمی كوردستان خزمەتگوزاری پەلە بۆ ئاوارەكان دابین كراوە و دەزگای خێرخوازی بارزانی رۆڵی كارا دەبینێ لەو رووەوە، وێڕای ئەو هاوكارییانەی رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئێستە دەگوترێ یوئێن هاوكاری ئاوارەی كەم كردووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە، چیا حوسێن بەرپرسی نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سلێمانی، بە"وشە"ی ئەوەی گوت كە ئەوان ئاگاداری ئەوە نین دووبارە ئاوارە گەڕاوەكان كە پێشتر چوونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئێستە دووبارە گەڕابێتنەوە، چونكە ئەو زانیارییانە لای ئەوان تۆمار ناكرێن و لەلای لایەنە تەناهییەكان هەیە و ناتوانن داوای ئاماریان لێ بكەن.

چیا دەڵێ، ئاوارەی گەڕاوە نەهاتووەتەوە بۆ سلێمانی، بە پێچەوانەوە ڕۆژانە ئاوارە خۆیان تۆمار دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەڵام هەر خێزانێك پێشتر گەڕابێتەوە بۆ شوێنی خۆی و ئێستە دووبارە ئاوارە بێتەوە، لای ئێمە بە ئاوارە تۆمار ناكرێ.

بەرپرسی نووسینگەی كۆچ لە سلێمانی، ئەوەیشی خستە ڕوو كە لەو شارە تەنیا لە ساڵی 2019دا 700 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

ئاماژەی دا "ئەگەر بەراورد بكرێن بە ساڵی 2014، ژمارەی ئاوارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە، بۆ نیوە كەم بوونەتەوە، چونكە ئەوكات زیاتر لە 64 هەزار خێزانی ئاوارە لە سنوورەكە هەبوون، ئێستە بۆ 30 هەزار خێزان ئاوارە كەم بوونەتەوە، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت ئاوارەكان زیاتر گەڕاونەتەوە".

پرسی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان لە كاتێكدایە بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، پرسی دەنگدانی ئاوارەكانیش یەكێكە لەو كێشانەی بووەتە بابەتێكی گەرم بەهۆی ئەوەی یاساكە ئەوەی سەپاندووە كە دەنگدەر دەبێت لە پارێزگای خۆی بێت بۆ دەنگدان و سندوق بۆ ئاوارە دانانرێ.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەو بارەوە گوتی، بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوانەی كە لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و نەینەوا و دیالە و ئەنبار كار دەكەن، هەوڵ دەدەن زۆرترین ئاوارە بگەڕێتەوە پێش هەڵبژاردن تا ژمارەی بەشداریكردن لە دەنگدان زیاتر بێت.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌