هاتوچۆ لە بەنداوی سماقوڵی رێک دەخرێتەوە

:: AM:10:45:15/09/2019 ‌
بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە ئاشكرای دەكات بۆ بەنداوی سماقوڵی، ڕۆژانی هەینی و شەموو تیمێكی تایبەتی هاتوچۆ ڕێكخستن بۆ شوفێران ئەنجام دەدەن و نووسراویشمان بۆ قایمقامیەت كردووە تا ڕێكخستن بۆ ئەو شوێنە بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی ئەیلوول، زاهیر محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، راستە ڕۆژانی هەینی و شەموو هاتوچۆیەكی زۆر لە بەنداوی سماقووڵی هەیە و شوفێران كێشەیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام تیمێكی تایبەتی هاتوچۆی كۆیە لەو دوو ڕۆژانە كاروباری شوفێران ڕێك دەخەن بۆ ئەوەی جەنجاڵی دروست نەبێت.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە گوتی، نووسراومان بۆ قایمقامی كۆیە كردووە تا ڕێكخستن بۆ ئەو شوێنە بكات و قسە لەگەڵ خاوەن دووكانەكان بكات تا گەراجی تایبەت بەخۆیان دروست بكەن و لە شەقامە سەرەكییە دوور بكەونەوە و هاتوچۆ ئاسان بێت.

ڕوونی كردەوە، جەنجاڵییەكە زیاتر لە ڕۆژانی هەینی و شەمووە و ڕۆژانی تر هاتوچۆ ئاسایییە و بێ‌ كێشەیە.

بەنداوی سماقوڵی ئێستە بووەتە شوێنێكی گەشتیاری گرنگ لە هەولێر و هاووڵاتییەكی زۆر ڕۆژانە سەردانی دەكەن و بۆ پشوو و بەسەربردنی كاتێكی خۆش تێیدا دەمێننەوە.











وشە - رامیار جەواد