تەنیا لە گۆڕینی ستوونی کارەبای کەلار- دەربەندیخان 400 هەزار دۆلار گەندەڵی کراوە

:: PM:01:12:15/09/2019 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، گەندەڵییەکی زۆر لە دانانی ستوونی کارەبای نێوان کەلار دەربەندیخاندا کراوە و سەرباری ئەوەی نرخەکەی بە پێنج هێندە خەمڵێندراوە، ستوونی کۆن و داڕزاو دانراوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 15ی ئەیلوول، محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لەنێوان كەلار و دەربەندیخان 295 ستونی كارەبا دەگۆڕدرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەی جووت سایدكردتی كەلار و دەربەندیخانە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ هەر ستونێك هەزار و 500 دانراوە و ئەوە لەکاتێکدایە لە بازاڕی کوردستان نرخی هەر ستوونێکی نوێی کارەبا لە نێوان 400 بۆ 500 دۆلاری ئەمریکییە.

ئەوەشی خستەروو، لەبری ستونی نوێ ستونی كۆن و داڕزاو بەكار هێنراوەتەوە لەكاتێكدا پرۆژەی دانانی ستونی كارەبا لەلایەن كارەبای گەرمیان و دەربەندیخانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

پەیوەست بەو ستونە كۆنانە حازم كەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كارەبای گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پرۆژەی گۆڕینی ستونە كارەباییەكان لە سنووری دەربەندیخان ستونی كۆن دانراوە نەك لە سنووری گەرمیان، ئێمە تا ئەودیوەی باوەنور لێی بەرپرسین .

دووپاتی لەوەیش کردەوە، پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای بێشكانەوە سەرپەرشتی دەكرێ، گوژمەشی رێگاوبانی گەرمیان دیاری دەكات نەك ئێمە، بۆیە نازانین گوژەمەی چەندە.

بەپێی لێکدانەوەی محەمەد شێخ وەهاب، ئەگەر هەر ستوونێکی نوێی کارەبایی بە 300 دۆلار بێت و ستونە کۆنەکان بە 200 دۆلار بخەمڵێندرێن لەبری 442 هەزار و 500 دۆلار 59 هەزار دۆلاری تێچووە و 383 هەزار و 500 دۆلار گەندەڵی لەو پڕۆژە بچوکەدا کراوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان