حكوومەتی فلیپین بۆ رزگاربوون لە دەست پلاستیك دەیگۆڕێتەوە بە برنج

:: PM:03:24:15/09/2019 ‌
بەگوێرەی بەرنامەیەكی كۆمەڵایەتی نوێ و سادە، حكوومەتی فلیپین بە بەخشینەوەی برنج بەسەر هاووڵاتییانی، رووبەڕووی گەورەترین مەترسی بەسەر ژینگەی وڵاتەكەی دەبێتەوە كە پلاستیكە.

لە گوندێكی ئەو وڵاتە، حكوومەت دەستی كردووە بەجێبەجێكردنی پلانەكە و بەرانبەر هەر دوو كیلۆ پلاستیك كە هاووڵاتییان كۆی دەكەنەوە، كیلۆیەك برنجیان بە خۆڕایی پێدەدات.

برنج لە فلیپین، یەكێكە لە خواردنە سەرەكییەكانی هاووڵاتییانی، كیلۆی برنجیش لەو وڵاتە بە (70 سەنتە كە دەكاتە نزیكەی هەزار دیناری عێراقی).

بەگوێرەی راپۆرتی (Ocean Conservancy) كە ساڵی 2015 توێژینەوەیەكی ئەنجام داوە، فلیپین ساڵانە دوو ملیۆن و 700 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیكی فڕێ دەدات و لەم بڕەش 20%ـی دەچێتە ناو زەریاكان، بەمەش یەكێكە لەو وڵاتانەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا كە زۆرترین بەشداری هەیە لە پیسكردنی ژینگە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسكردنی ژینگە، بەرنامەی پلاستیك بەرانبەر بە برنجیان راگەیاندووە، لە سەرەتاشدا بەرنامەكەیان لە گوندی (بایانان) جێبەجێ كردووە. ئاندرۆ سان پیدرۆ سەرۆكی گوندەكە دەڵێ، خەڵكی ئەو گوندە تەنیا لە ماوەی مانگی ئابی رابردوو توانیویانە 213 كیلۆگرام نایلۆن و شووشە و پلاستیك كۆ بكەنەوە، گوتی "فێركردنی خەڵك لە پاكڕاگرتنی ژینگەی بە پێدانی خۆراك، هاندەرێكی گرنگە بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكانی خۆیان".
 
بەو رێیە فلیپینییەكان زۆر بە ئاسانی دەتوانن رووبەڕووی پاشماوە پلاستیكییەكان ببنەوە و ژینگەكەشیان بپارێزن، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە دەخوازن لەو گوندە پلانەكەیان سەركەوتن بەدەست بهێنێت و هانی گوندی تریش بدات هەمان دەستپێشخەری ئەنجام بدەن.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌