سێ لیژنە لەسەر بەهەدەردانی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری پێكدەهێنرێت

:: PM:07:18:15/09/2019 ‌
تا دێت هەوڵەكان بۆ بەدواداچوون لەسەر بەهەدەردانی 20 ملیار دینارەكەی بودجەی بنیادنانەوەی ژێرخانی كولتووری پایتەختی رۆشنبیری كوردستان زیاتر دەبن، كۆمەڵێك نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی شارەكە كەمپینێكیان رێكخستووە و داوای گەڕانەوەی پارەكە دەكەن تا لە شوێنی راستەقینەی خۆی خەرج بكرێت.
 
دوای حەوت ساڵ بەسەر بڕیاری ناساندنی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری و شەش ساڵ بەسەر تەرخانكردنی 20 ملیار دینار وەك بودجە بۆ نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی كولتووری و رۆشنبیری شارەكە، تا دێت گومانەكان لەسەر بەهەدەردانی ئەو بودجەیە زیاتر دەبن و پەرلەمانی كوردستان داوای لە دیوانی چاودێری دارایی كردووە لیژنەی وردبینی لە خەرجییەكان پێكبهێنێ و وەڵامی پەرلەمانیش بداتەوە، هاوكات داوا لە دەستەی دەستپاكی كراوە لیژنەی بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی خەرج كردنی بودجەكە و بەهەدەردان و ئەگەری بوونی گەندەڵی پێكبهێنێت. 

كۆمەڵێك لە نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسی شارەكە، كەمپینێكیان رێكخستووە دەڵێن، وەك مافێكی هونەرمەندان، رۆشنبیران، شانۆكاران و سەرجەم چینەكانی ناو رووبەری رۆشنبیری سلێمانی، داواكارین لە دەستەی دەستپاكی، پەرلەمانی كوردستان، داواكاری گشتی و لایەنە پێوەندارەكانی تریش تا بەدواداچوون بۆ بەهەدەردانی ئەو بودجەیە "بەناوی رۆشنبیری و ژێرخانی كولتوورییەوە بیگەڕێنینەوە بۆ شوێنە راستەقینەكەی خۆی".

بەیاننامەكەی كەمپیەكە كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، دەڵێن، ئاگادارین ئەو بڕە پارەیە بۆ ژێرخانی كولتووری شارەكە دانراوە كەچی لە نۆژەنكردنەوەی هەندێك شوێن خەرج كراوە، وێڕای "گومانەكان لەسەر شێوازی خەرجكردنەكە، لەوەش  ئاگادارین كۆمەڵیك لیژنە لەسەر ئەم كەیسە و هەندێك كەیسی تر لەسەر بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری دەكەونە گەڕ و نامانەوێت لەو بارەیەوە بڕیاری پێشوەختە بدەین".

بەپێی بڕیاری ژمارە (14)ـی ساڵی 2012، پەرلەمانی كوردستان، سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری ناساند، هاوكات بەپێی یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 2013، بڕی 20 ملیار دینار وەك بودجەی ژێرخانی رۆشنبیری شارەكە تەرخان كردووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەركەوتووە كە زیاتر لە 17 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی جێبەجێ نەكراو ماوەتەوە. بەدواداچوونەكەی ئەو پەرلەمانتارە لە 23ـی تشرینی دووەمی 2014 بووە، واتە پێنج ساڵ پێش ئێستە، داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات كە بەدواداچوون بكرێت لەسەر پڕۆژە جێبەجێكراوەكان و 17 ملیار و 630 ملیۆن دینارەكە.

لە وەڵامی پرسیارەكانی سۆران عومەر، نووسینگەی وەزیری رۆشنبیری لە 28ـی تەمووزی 2014 بە نووسراوێك كە خۆی لە سێ ئەی فۆڕ دەبینێتەوە و لە 12 خاڵدا پڕۆژەكانی ئەنجامدراون و ئەوانەیشی لە بەرنامەدان بۆ ئەنجامدانی دەخاتەڕوو.

دوای پێنج ساڵ تێپەڕین بەسەر وەڵامەكەی وەزارەتی رۆشنبیری و هەوڵەكانی سۆران عومەری پەرلەمانتار، جارێكی تر لەم خولەی پەرلەماندا دیسان سۆران عومەر داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات وردبینی بۆ خەرجكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری دەكات.

رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كوردستان بە نووسراوی (4/3/2119) لە هەشتی ئەیلوولی 2019، نووسراوێك ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی دەكات و داوا دەكات پاش وردبینی وەڵامی پەرلەمانی كوردستان بدەنەوە.

دۆسیەكە تا دێت مشتومڕی زیاتر بەخۆی هەڵدەگرێت، جگە لە دیوانی چاودێری دارایی، داوا لە دەستەی دەستپاكی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كراوە لیژنە پێكبهێنن.

بەرهەم ئەحمەد رۆژنامەنووس و سەرپەرشتیاری كەمپینەكە بۆ "وشە" دەڵێ، كەمپینەكە بۆ بەدواداچوونە لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە، سێ لیژنەش بۆ ئەو مەبەستە لە چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، چاوەڕوانین ئەنجامی ئەو سێ لیژنەیە بزانین، پاشان هەڵوێستی خۆمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رادەگەیەنین.

بەرهەم ئەحمەد گوتی "كەمپینەكە لەسەر هیچ كەسێك نەكراوە بەڵكو لەسەر بەهەدەردان كراوە و لەسەر هەر كەسێكیش بشكێتەوە دەبێت بگاتە سزای خۆی، ئێمەش رامان نەگەیاندووە گەندەڵی هەیە بەڵكو دەڵێین بەهەدەردان هەیە، چاوەڕێین ئەنجامی لیژنەكان چی دەبێت ئەوكات روون دەبێتەوە گەندەڵی هەبووە یان نا".

سەرپەرشتی كەمپینەكە هێمای بۆ ئەوە كرد كە دەڵێن پارەكە بەهەدەر دراوە مەبەست لەوەیە كە پارەكە بۆ نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵێك باڵەخانە و فەرمانگەی حكوومەت تەرخان نەكراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی هەڵساوە بە "ئەوەی عەقڵی گرتووە پارەی پێداوە بۆ چاپكردنی كتێب كە ئەمە بڕێكی كەمە، ئەوەی تری خەرج كردووە لە نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵێك شوێن كە پێویست نین، لەوانە كتێبخانەی گشتی كە دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری نۆژەنی بكاتەوە، چونكە پارەكە تەرخانكراوە بۆ ژێرخانی رۆشنبیری نەك نۆژەنكردنەوە، ئەمە دوو شتی جیاوازە".























وشە - فه‌رمان سادق